تۆمەتباركردنی نوری مالیكی رووی لە زیادبوونە و لەوانەیە رووبەڕووی دادگای نێودەوڵەتی بكرێتەوە

 تۆمەتباركردنی نوری مالیكی رووی لە زیادبوونە و لەوانەیە رووبەڕووی دادگای نێودەوڵەتی بكرێتەوە
تۆمەتباركردنی نوری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق و جێگری سەرۆککۆماری ئێستا رووی لە زیادبوونە، ئەمەش ئەگەری ئەوە دێنێتە كایەوە كە ئەو رووبەڕووی دادگای نێودەوڵەتی بكرێتەوە بەتۆمەتی پەیوەندیدار بە تاوانی جەنگ و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ.

ئێستا عێراق لە یەكێك لە خراپترین سەردەمەكانی مێژووی خۆیدایە، ئەوەی لە وڵاتیش روودەدات هەندێكیان بە كارسات ناودەبرێن، بۆیە هەندێك كەس نوری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق بە بەرپرسی ئەو كارەساتانە دادەنێن كە بەسەر پارێزگاكانی: ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالا و بەغدای پایتەختدا هاتووە.

ئەو رووداوانەی كە لە موسڵ روویاندا و بەهۆیەوە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) هاوینی رابردوو دەستی بەسەر گەورەترین شاری عێراقی كە زۆربەی دانیسشتوانەكەی سوننین داگرت و بەمەش تۆمەتی زۆر درایە پاڵ نوری مالیكی بەهۆی راكردنی سوپاكەی لەو شارە.

چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكراونەتەوە و دەریدەخەن لە سەردەمی حوكمكردنی نوری مالیكیدا گرتنی هەڕمەكی، بەبێ بوونی بڕیاری دەستگیركرن لەلایەن دادگاوە ئەنجامدراوە، پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكانیش ئەشكەنجەی هەندێك لە دەستبەسەركراوانیان داوە كە دواتر دەرچووە بێتاوانن.

هەموو ئەوانە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە جێگری سەرۆككۆمار رەنگە بچێتە بەردەم دادگای تاوانەكان.

عەواتف نیعمە، پەرلەمانتاری سەر بە دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەكدا جەختی لەوە كردەوە كە كوتلە سیاسییەكان پاڵەپەستۆ دەخەنە سەر كوتللەكەیان بۆ ئەوەی نوری مالیكی كە سەرۆكی دەوڵەتی یاسایە بدەنە دەست دادگای تاوانەكان" و هەندێك سیاسیشی بەوە تۆمەتبار كرد " هەوڵدەدەن نوری مالیكی جێگری سەرۆككۆماری عێراق بدەنە دادگا لەكاتێكدا هەموو لایەنەكان لەوە دەترسن بدرێنە دادگا بە تۆمەتی خیانەتكردنەکانیان كە لە بەڵگەنامەكانی ویكلیكس بڵاوكراونەتەوە".

عادل نوری، پەرلمانتار لە پەرلەمانی عێراق گوتی : نوری مالیكی بەرپرسی یەكەمە لەسەر كەوتنی موسڵ، بەڵام دادگاكانی عێراق بێلایەن نابن لە دادگاییكردنی بۆیە داوا دەكەین لە دادگای نێودەوڵەتی لاهای دادگایی بكرێت".

ئەو پەرلەمانتارە كوردەی پەرلەمانی عێراق هەروەها باسی ئەوە دەكات " هەموو بەرپرسیارییەتییەكی كەوتنی موسڵ دەكەوێتە سەر ئەستۆی نوری مالیكی بۆیە پێویست ناكات بە دادگاییكردنی لە دادگاكانی عێراق كات بەفیڕۆ بدەین، چونكە ئەو دادگایانە سەربەخۆ نین".

هۆزەكانی نەینەوا نوری مالیكی تۆمەتبار دەكەن و وزاح سدەید سەرۆكی هۆزی سدەید دەڵێ : مالیكی بە ئەنقەست گوێی بە پێشیلكارییەكان لە نەینەوا نەداوە و تاوانیشی لە دژی خەڵكەكەی ئەنجامداوە". سدەید داوای كرد كە نوری مالیكی بچێتە بەردەم دادگا ئاماژەی بەوەشدا " ئاسایشی عێراق پابەندە بە دادگاییكردنی سەرۆكوەزیرانی پێشوی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتی".











رووداو
Top