هاوپەیمانان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکەنە سەر داعش

 هاوپەیمانان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکەنە سەر داعش
لە ماوەی ٢٤ کاژێری رابردوودا، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژی داعش ٢٣ هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر ئەو رێکخراوە لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە، یەکەی ئۆپەراسیۆنی سەرکردایەتی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانانیش ئاماژە بەوەدەکەن کە لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوان هێرشەکانیان بەسەرکەوتوویی ئامانجەکانی پێکاوە.

یەکەی ئۆپەراسیۆنی سەرکردایەتی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانان لە بەیاننامەیەکیدا رایانگەیاند:" فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان لە ماوەی ٢٤ کاژێری رابردوودا ٢٣ هێرشی ئاسمانیان کردووەتە سەر بارەگا و بنکەکانی رێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا".

بەگوێرەی زانیارییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانانی دژ بەداعش، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان لەماوەی ٢٤ کاژێری رابردوودا ٩ هێرشی چڕیان کردووەتە سەر بنکەکانی چەکدارانی داعش لە حەسەکە و رەققە و دەوروبەری شاری حەلەب، هاوکاتی لە عێراقیش ١٤ هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر داعش ئەنجامداوە و بەو هۆیەوە زیانی گیانی و ماددی زۆریان بەداعش گەیاندووە.

سەرکردایەتی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانان ئاماژە بەوەشدەکەن، هێرشەکانی ٢٤ کاژێری رابردوو بۆ سەر بارەگا و بنکەکانی داعش لە عێراق و سووریا لە رێگەی فڕۆکەی جەنگیی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە و هاوکات بەسەرکەوتوویی ئامانجەکانی پێکاوە.

















رووداو
Top