عێراق قەرز بۆ بونیادنانەوەی شوێنەواری شەڕ وەردەگرێت
ماڵپەری "ڕۆیتەرز" بڵاوی كردووەتەوە، بە گوێرەی رێككەوتنەكەی نێوان عێراق و بانكی جیهانی، قەرزەكە بۆ بونیادنانەوەی ئەو ناوچانەیە كە لە ژێر دەستی داعش وەرگیراونەتەوە، لایەنی عێراقییش دەڵێن هاوكارییە جیهانییەكە بۆ بونیادنانەوەی ناوچە خاپوور كراوەكانی جەنگە.
(هۆشیار زێباری) وەزیری دارایی عێراق، بە "ڕۆیتەرز"ـی گوتووە، "نزیكەی سێیەكی پارەكە بۆ چاككردنەوەی ڕێگاكان و پردەكان و هەروەها هەمان بڕ بۆ گەڕانەوەی هێڵی كارەبا و ئاو و ئاوەڕۆیە".
لە ڕاپۆرتەكەی "ڕۆیتەرز"ـدا هاتووە، عێراق تووشی كێشەی كەموكوڕیی بوودجە بە بڕی 20 ملیۆن دۆلار هاتووە لەمساڵدا، ئەمەیش بە هۆی كەمیی نرخی داهاتی نەوت و بارگرانیی خەرجیی جەنگ دژ بە داعش.
پێشتر تیرۆریستانی داعش زۆربەی زۆری ناوچەكانی باكوور و ڕۆژئاوای عێراقیان لە ژێر چنگدا بوو، بەڵام لە ئێستادا وەدەر نراون بۆ بەشەكانی دیالە و پارێزگای سەڵاحەددین لە باكووری بەغدا، ئەم هەڵمەتەیش لە لایەن چەكدارە شیعەكان و هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هاوكاریی هێرشە ئاسمانییەكان دەستی پێ كرا.
لە كاتی واژۆكردنی رێككەوتنەكەدا (زێباری) گوتیشی، "ئەمە یەكەم هاوكاریی راستەوخۆیە بۆ بنیادنانەوە و بەهێزكردنی هەوڵەكان لەلایەن حكوومەتەوە بۆ ئاساییكردنەوەی ژیان لەو ناوچانەی كە لە دەستی داعش ئازاد كراون."
(زێباری) گوتیشی، عێراق هاوكاریی ماددیی بۆ بونیادنانەوەی وڵات لە لایەن ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و یەكیەتیی ئەورووپا و ژاپۆن و وڵاتانی دیكەی ئەورووپاییەوە كراوە، بەڵام ئەم قۆناخی وەرگرتنی قەرزەی بە یەكەم هەنگاوی بەرجەستەیی دانا.
