نوری لە ئەمەریكا نیگەرانە و ڕۆڵی ئێران بەرز دەنرخێنێت

نوری لە ئەمەریكا نیگەرانە و ڕۆڵی ئێران بەرز دەنرخێنێت
مالیكی” جێگری سەرۆك كۆماری عێراق ڕایگەیاند كە ئەمەریكا بۆ پڕچەككردنی هێزە ئەمنیەكانی عێراق جددی نیە. هەروەها دەشڵێت ڕۆڵی ئێران لە شەڕی داعش ئیجابی بووە و هۆشداری ئەوەش دەدات ئەگەر عێراق بڕوخێت، بەسەر هەموواندا دەڕوخێت.

لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانی “نوری مالیكی”سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، كە ئێستا جێگری سەرۆك كۆماری عێراقە، ڕایگەیاند: “ئەگەر ئەمەریكا جددی بوایە لە پرۆسەی پڕچەككردنی هێزە عێراقیەكان، ئەوا ڕووداوە ترسناكانە ڕوویان نەدەدا”.

ڕوونیشی كردەوە: ” بەهۆی نەبوونی چەكەوە، عێراق پەنای بۆ وڵاتانی ڕووسیا و ئێران و كۆریا و بولگاریا بردووە”.

مالیكی دووپاتیشی كردەوە: “ئەوەی شەڕی داعش یەكلایی دەكاتەوە، هێزە ئەمنیەكان و حەشدی شەعبی و چەكدارەكانی هۆزەكانن”.

جگه‌له‌وه‌ش گوتی: ” بۆردومانی فڕۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانان، تەنیا لە سەدا دە ئامانجەكەی خۆیی پێكاوە”.

له‌باره‌ی ڕۆڵی ئێرانه‌وه‌، نوری مالیكی ستایشی ڕۆڵی ئێرانی كرد لە پشتگیریكردنی عێراقداو، دەڵێت: “ئەگەر ئێران نەبووایە، توانای بەردەوامیدانمان بە شەڕی داعش نەدەبوو”.

سەبارەت بە كەوتنی شاری مووسڵیش، مالیكی دەڵێت:”مووسڵ لە ئەنجامی پرۆسەیەكی سەربازیدا نەكەوتووە، بەڵكو بە هۆی پیلانگێڕانەوە بووە”.


















باسنيوز
Top