تا ١٥ ڕۆژی دیكە پارێزگارێكی نوێ بۆ مووسڵ دیاری دەكرێت..كورد كاندیدی نابێت

 تا ١٥ ڕۆژی دیكە پارێزگارێكی نوێ بۆ مووسڵ دیاری دەكرێت..كورد كاندیدی نابێت
لە سبەینێوە (ئەسیل نوجێفی) لە پۆستی پارێزگار نامێنێت و پێویستە لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا ئەنجوومەنی پارێزگا كەسێك بۆ ئەو پۆستە دیاری بكەن. سەرۆكی لیژنەی برایەتی و پێكەوەژیانیش لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت، بەپێی سازان ئەو پۆستە پشكی كوتلەی نەهزەیە، بۆیە كورد كاندیدی نابێت.

(سەیدۆ چەتۆ) سەرۆكی لیژنەی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، راگەیاند: "دادگاییكردنی پارێزگاری مووسڵ، لە دادگای ئیدارییەوە رەوانەی دادگای فیدراڵی كراوە و سبەی ماوەی یاسایی تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە ئێمە لە ماوەی ١٥رۆژدا مۆڵەت بە خەڵك بدەین بزانین كێ خۆی بۆ پۆستی پارێزگار كاندید دەكات، دواتریش ئەوانەی خۆیان كاندید دەكەن، یەكێكیان وەكو پارێزگار هەڵدەبژێرین".

(چەتۆ) گوتیشی: "(ئەسیل نوجێفی) لە سبەینێوە لە پۆستی پارێزگار نامێنێت و پێویستە پارێزگاریش بە سازانی نێوان لایەنەكان دیاری بكرێت، بۆیە بەپێی رێككەوتن پۆستی پارێزگار پشكی كوتلەی نەهزەیە و ئێمەیش وەك كورد كاندیدمان نابێت".

سەرۆكی لیژنەی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ راشیگەیاند، تاوەكو ئێستا كوتلەی نەهزەیش هیچ كاندیدێكی نییە، بەڵام پێویستە لە سبەینێوە كاندیدی خۆیان دیاری بكەن.
Top