هێزەکانی سوننە: دەنگ بە پرۆژەکانی لێپرسینەوە و لێبوردن و پاسەوانی نیشتمانی نادەین
تەڵاڵ زەوبەعی، سەرکردەی دیاری یەکێتی هێزەکانی سوننە لە راگەیەندراوێکدا زۆرتر دەڵێ :" ناوەڕۆکی پرۆژە یاساکانی لێبوردنی گشتی و لێپرسینەوە و دادپەروەری و پاسەوانی نیشتمانی بەتاڵکراون ئێستا تەنها ناونیشانن ، بۆیە ناکرێ دەنگ لەسەر رەشنووسی ئێستای ئەو پرۆژە یاسایانە بدەین، چونکە ئەم پرۆژە یاسایانە بۆ چینێکی گەورەی گەلی عێراق دادپەروەر نین".
تەڵاڵ زەوبەعی دەشڵێ: "دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان تێڕوانینیان هەبێ و دۆخی ناوازەی وڵات لە بەرچاو بگرن، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان نەرمی بنوێنن و رابردوو لە بیری خۆیان ببەنەوە لە پێناو بەرژەوەندی گەل".
سەرکردەکەی یەکێتی سوننە ئاماژە بەوە دەکات، کە پێویستە هەموو دادگاییەکانی سزادراوان دووبارە بکرێنەوە، چونکە کاتێک بەڕێوەچوون عێراق بە دۆخێکی ناوازەدا تێدەپەڕی و بەشێک لە دانپێنانەکان لە ژێر فشار و بەشێوەیەکی تایەفی وەرگیراون، بۆیە پێویستە چاو بەو پرسانە بخشێنرێتەوە".
تەڵاڵ زەوبەعی ئەوەشی خستەڕوو کە "مافەکانی پێکهاتەی سوننە لە پرۆژە یاسای پاسەوانی نیشتمانی قۆرخکراون، بۆیە ناکرێ ئەم پرۆژە یاسایە لە پەرلەمان تێپەڕێنرێ".
رووداو
