ئه‌مریكا، ئه‌م جۆره‌ فڕۆكه‌یه‌ راده‌ستی‌ عیراق ده‌كات

ئه‌مریكا، ئه‌م جۆره‌ فڕۆكه‌یه‌ راده‌ستی‌ عیراق ده‌كات
باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ به‌غدا، ره‌تیكرده‌وه‌، فڕۆكه‌كانی‌ F16 بۆ ئوردن بگوازنه‌وه‌، ته‌ئكیدیش ده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌جبه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌و فڕۆكانه‌، به‌م نزیكانه‌ ده‌گه‌یه‌نرێته‌ بنكه‌ی‌ "به‌له‌د"ی‌ ئاسمانی‌.

جیفری‌ لۆری‌، وته‌بێژی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ به‌غدا، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، رایگه‌یاند: ئه‌و هه‌واڵانه‌ی‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ گواستنه‌وه‌ و كارپێكردنی‌ فڕۆكه‌كانی‌ F16 ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ئوردن، دوورن له‌ راستییه‌وه‌".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، كه‌ حكومه‌تی‌ عیراقی 36 فڕۆكه‌ی‌ F16 ی‌ له‌ ئه‌مریكا كڕیوه‌، وتیشی : "ئێمه‌ تائێستا پابه‌ندین به‌و گرێبه‌سته‌وه‌، له‌ نزیكترین كاتیشدا فڕۆكه‌كان راده‌ست ده‌كه‌ین".

وته‌بێژه‌كه‌ی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ به‌غدا، وتیشی: "واشنتۆن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عیراقیدا كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌ك بڕیاری‌ له‌سه‌ردراوه‌، له‌ زووترین كاتدا و له‌ هاوینی ئه‌مساڵدا وه‌جبه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌و فڕۆكانه‌ راسده‌ت بكات و له‌ بنكه‌ی‌ به‌له‌دی‌ ئاسمانی‌، ده‌ست به‌كاركردن بكات".

پێشتر وا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ فڕۆكه‌ی‌ F16 راده‌ستی‌ بنكه‌ ئاسمانییه‌كانی‌ عیراق بكات، ته‌ئكیدیشكرایه‌وه‌، كه‌ هه‌ڵفڕین و نیشتنه‌وه‌یان له‌ بنكه‌یه‌كی ئوردنی‌ ده‌بێت.



















خه‌ندان
Top