عەبادی راگەیاندنی جەنگیی دروستدەکات

 عەبادی راگەیاندنی جەنگیی دروستدەکات
فەرماندی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا شانەی راگەیاندنی جەنگیی دروستبکات.

حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا، شانەی راگەیاندنی جەنگی دروستبکات و دەرکردنی هەر راگەیێندراوێکی سەربازیش تەنیا لە ئەستۆی ئەو راگەیاندنەدا بێت.

نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، کە وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە ئاماژە بەوە دەکات " عەبادی بەبڕیارێکی دیوانی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی وەزیران، بڕیاریداوە بەدروستکردنی راگەیاندنی جەنگیی لەناو سوپادا، لەمەودوا ئەو شانەیە ئەرکی راگەیاندراوە سەربازیی و جەنگییەکانی لەئەستۆدا دەبێت".

ئەو راگەیاندنە جەنگییە، پشت بەو زانیارییە سەربازییانە دەبەستێت، کە لە نووسینگەی وەزیری بەرگری، یان وەزیری ناوخۆ، یان حەشدی شەعبی دەردەچن، بۆ دانانی ئاستێك بۆ ئەو هەموو راگەیاندنە جیاجیا و ناکۆکانەی، کە لە ئاستی جیا جیادا دەدرێن".

ئەو بڕیارەی عەبادی، وەک دەگوترێت لەسەر داوای بەرپرسانی سەربازیی مەیدانی بەرەکانی جەنگ بووە، کە داوایانکردووە کۆتایی بەو لێدوانە ناکۆک و دژبەیەکانە بهێنرێت، کە لێرە و لەوێ دەدرێن.







رووداو
Top