ئێران پشتیوانی لە یەکپارچەیی عێراق دەکات

ئێران پشتیوانی لە یەکپارچەیی عێراق دەکات
راوێژکاری تایبەتی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری سەربازی رایگەیاندووە، عێراق بۆ ئێمە وەکوو ناوەندێکی پیرۆزی شیعەکان دێتە ئەژمار و بە هەمو تواناوە پشتیوانیی لێدەکەین.

“یەحیا رەحیم سەفەوی” باسی لەوە کردووە، ئێمە پێشتریش هوشداریمان بە گرووپی داعش دابوو کە بێ رێزی بە ناوەندە مەزهەبییەکان نەکات و باسمان لەوەش کردبوو کە بە شێوەی راستەوخۆ شەڕی لەگەڵ دەکەین.

ئەو راوێژکارە سەربازییە ئەوەشی خستووەتەڕوو داعش و هیچ لایەنێکی دیکە ناتوانێ عێراق لەبەریەک هەڵبوەشێنێتەوە و ئێمەش پشتیوانی لەو ناوەندە مەزهەبییە و یەکپارچەییەکەی دەکەین.

سەفەوی بە هەواڵدەریی مێهری گوتووە، داعش دەیەویست ناوەندە مەزهەبی و شوێنە پیرۆزەکان لە عێراق لەناو ببات کە ئێمە رێگریمان لەو کارە کرد.

ئەمە لە حاڵێک دایە کە هەتا ئێستە چەندین جار وڵاتانی ئەوروویی و ئەمەریکا ئێرانیان بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوانبار کردووە، هەروەها تۆمەتباریشە بە دروست کردنی گرووپی توندڕەوی حەشدی شەعبی.

لەلایەکی دیکەوە باڵیۆزی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە تورکیا، دژایەتی وڵاتەکەی سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا دەربڕیبوو.

“محەممەد رەزا بیکدلی” باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەنکەرە گوتوویەتی، دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا مەترسی بۆ سەر ئاسایشی تورکیا دروست دەکات.

“محەممەدرەزا بیکدلی” ئەوەشی خستووەتە ڕوو، دامەزراندنی ئەو هەرێمە کوردییە زیانی زۆر گەورە و قەرەبوونەکراو بە ئاسایشی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەگەیەنێت.


























باسنیوز
Top