ئێران هەناردەكردنی غازی سرووشتی بۆ عێراق دواخست
ساڵی 2013 بەغداو تاران، گرێبەستێكی هاوردەكردنی غازی سرووشتی بۆ دابینكردنی وزەی كارەبا لەپایتەختو دیالە واژۆكردووە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ تاوەكو ئێستا پرۆسەی هەناردەكردن دەستی پێنەكردووە.
بڕیاربوو لەئایاری ئەمساڵ یەكەم قۆناخغی هاوردەكردنی غاز لەلایەن عێراقەوە، دەستپێبكات، بەڵام ئەو پرۆسەیە دواخرا بۆ حوزەیرانو ئیستا بە گوتەی بەرپرسانی ئێرانی، بۆکاتێکی نادیار دواخراوە.
ماڵپەری وەزارەتی نەوتی ئێران لەزاری ئەو بەرپرسە بڵاویكردووەتەوە " نەبوونی ئاسایشو بوونی گرووپی داعش لەپشت دواخستنی هەناردەكردنی غازی سرووشتیە بۆ عێراق".
ئێران كە دراوسێی عێراقە، خاوەنی یەدەگێكی گەورەی غازەو قەبارەیەكی سنوورداریشی بۆ توركیا هەناردەكات.
باكووری ئێران پشتی تەواو بەهاوردەكردنی غازی توركمانستان دەبەستێت، بەتایبەت لەوەرزی زستاناندا، چونكە ئەو ناوچەیە پلەی گەرمی دەكەوێتە ژێر سفرەوە.
لەلایەكی دیكەوە تاران، لەدانوستاندنی چڕدایە بۆ ئەوەی لەگەڵ گرووپی پێنج كۆ یەك بگاتە رێكکەوتنێكی گشتی لەسەر پرسی ئەتۆمی، كەدوایین وادەی 30 حوزیرانی ئەمساڵە، بۆ ئەوەی دەستبكرێت بەهەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییە سەپێنراوەكان بۆ سەر ئەو وڵاتە.
عێراق هاوشێوەی ئێران ئەندامی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپێك)ـە، هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی تاوەكو پەرەپێدانی پیشەسازی غازی بۆ ئەنجامبدەنو توانای دابینكردنی وزەی كارەباشی بۆ چارەسەر بكات.
