بەریتانیا یاسایەك بۆ پاراستنی شوێنەوارە كولتووری و كۆنەكانی عێراق و سووریا دەردەكات

 بەریتانیا یاسایەك بۆ پاراستنی شوێنەوارە كولتووری و كۆنەكانی عێراق و سووریا دەردەكات
بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "تەلگراف"، بەریتانیا دەیەوێت یاسایەك بۆ پاراستنی شوێنەوارە كولتووری و پەیكەرە مێژوویی و كۆنەكانی عێراق و سووریا لە كاتی پێكدادانەكاندا و مەترسییەكانی داعش بۆ لەناوبردنیان، دەربكات.

بەپێی ڕاپۆرتەكە لەبەر گرینگیی شوێنەوارە كولتووری و پەیكەرە مێژوویی و كۆنەكانی عێراق و سووریا و هەڕەشە بەردەوامەكانی داعش بۆ سەریان، پێویستە پارێزگاریی نێودەوڵەتی بكرێن.

(جۆن وایتیندێڵ) وەزیری ڕۆشنبیری و فەرهەنگی بەریتانیا گوتی: "لەناوبردنی شوێنەوارە مێژوویی و كۆنەكانی عێراق و سووریا جێگەی نیگەرانییە و، سوكسەیركردنی بەها مرۆڤایەتییەكانیشە، پێویستە حكوومەت بودجەیەكی تایبەت بۆ پارێزگاریكردنی كولتوور و شوێنەوارەكان دابین بكات و، پشتگیریی شوێنەوارە جیهانییەكان بكات بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەیان لەدوای لەناوبردنیان".

بۆ ئەو مەبەستە و سەبارەت بەو یاسایەی كە بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژوویی و كۆنەكان دەردەكرێت، وەزیری ڕۆشنبیریی بەریتانیا میوانداریی بەرپرسی شوێنەوار و مۆزەخانەكانی بەریتانیا، یونسكۆ و ڕێكخراوەكانی پێوەست بە پاراستنی شوێنەوارەكان و مانگی سووری نێودەوڵەتی دەكات بۆ ئەوەی پلانەكەیان پێ دەوڵەمەند بكات و ئامۆژگارییان لەو بارەیەوە لێ وەربگرێت.

شیاوی گوتنە، شوێنەوارە كۆن و مێژووییەكانی عێراق و سووریا بایەخ و گرینگییەكی تایبەتیان لە جیهاندا هەیە، بەرپرسانی بواری كولتووریی بەریتانیا پێیان وایە، لەبەر گرینگیی ژیانی مرۆڤەكان لە قەیرانەكانی عێراق و سووریادا، شوێنەوارەكان گرینگیی پێویستیان پێ نەدراوە لەلایەن وڵاتانی دەرەوەوە بۆ پاراستنیان لە هەڕەشەكانی داعش، هەر بۆیە داوا لە حكوومەتی بەریتانیا دەكەن كە پاڵپشتی پێشكەش بكات بۆ پارێزگاریكردنی شوێنەوارەكانی دەرەوەی وڵات، بە تایبەتی لە عێراق و سووریا كە ئێستا لەلایەن داعشەوە ڕووبەڕووی لەناوبردن بوونەتەوە.
Top