دوو تەقینەوە لە بەغدا روویدا
سەرچاوەیەك لە نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رايگەیاند: "لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو کە رۆژی شەممە 20-6-2015 لە نزیك بازاڕێكی میللـی لە ناوچەی یوسفیە لە باشوری شاری بەغدا روویدا، كەسێك كوژراو پێنج كەسی دیكەش برینداربوون".
لە تەقینەوەیەکی دیکەدا کە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی لكێندراو بە ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی لە ناوچەی شوعلەی باكووری رۆژئاوای شاری بەغدا بووە، بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە" كەسێك كوژراو كەسێكی دیكەش برینداربوو".
سەرچاوەكە كە نەیویست ئاشكرا بكرێت گوتیشی: "دەستبەجێ هێزە ئەمنییەكان گەییشتنە شوێنی رووداوەكان و بریندارەكانیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەو كوژراوەكانیشیان رەوانەی پزیشكی دادكرد".
ناوناوە گرووپە چەكدارەكان لە سەروشیانەوە چەكدارانی سەربەرێكخراوی داعش، لە رێگەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێل و پشتێنەی بۆمبڕێژكراو، بۆمبی چێندراو و لكێندراو و پەلاماری چەكداری هێزە ئەمنییەكان دەكەنە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەك كەسی مەدەنی دەكوژرێن و بریندار دەبن.
رۆژی دووشەممە 15-6-2015، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو لە ناوچەی رەشیدییەی باشووری شاری بەغدا كە دەوریەیەكی سوپای عێراقی كردە ئامانج، 2 سەربازی عێراقی برینداربوون، لە ناوچەی حەی عەدلی رۆژئاوای شاری بەغداش تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو برینداربوونی 2 هاووڵاتی مەدەنی لێكەوتەوە، سەرەڕای كوژرانی فەرماندەیەكی فەوجی سەربازگەی تاجی لە هەمان ناوچە لەلایەن چەكدارانی نەناسراو.
رووداو
