ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رومادی راوەستاوە

 ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رومادی راوەستاوە
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار ئاشکرایدەکات، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی و رۆڵەی عەشایرەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی رومادی بەتەواوەتی وەستاوە.

فەرحان محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، لە لێدوانێکدا ئەمڕۆ سێشەممە 16ی حوزەیران رایگەیاند "ماوەی سێ رۆژ دەبێت هیچ پێشڕەوییەک لەلایەن هێزە هاوبەشەکانەوە ئەنجامنەدراوە"، بەبێ ئەوەی بە روونی باس لە هۆکارەکانی بکات.

محەممەد رەخنە لە میکانیزمی کاری هێزە هاوبەشەکان دەگرێت و دەڵێت "چەکدارانی حەشدی شەعبی پابەندنین بە فەرمانەکانی سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار"، ئاماژە بەوەش دەدات "لەو هەڵمەتەدا هیچ جۆرە هەماهەنگییەک لە نێوان هێزە هاوبەشەکاندا نییە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا بە دووری دەزانێت، هێزە حکومییە عێراقییەکان و پشتیوانەکانیان لە ماوەیەکی کورت بتوانن کۆنتڕۆڵی شاری رومادی بکەنەوە، دەشڵێت: "ئەمریکا سەرلەنوێ راوێژکاری سەربازیی بۆ مەشقپێکردنی هێزە ئەمنییەکان و عەشاییرەکان رەوانەکردەوە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی رومادی دوادەکەوێت".

بە گوتەی محەممەد، ئەوان راوێژکارێکی زۆریان لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد هەیە، ئەرکیان مەشقپێکردنی هێزە ئەمنییەکان و رۆڵەی عەشایرەکانە، "پێویستمان بە راوێژکاری دیکە نییە".

ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەنبار لە مانگی نیسانی رابردووەوە دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستایش شاری رومادی ناوەندی پارێزگاکە، لەژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارانی رێکخراوی داعشە، ئەمەش بەهۆی دواکەوتنی پێشڕەوییەکانی هێزە هاوبەشەکانە لەو ئۆپەراسیۆنەدا.










رووداو
Top