لە عێراق و سووریا 16 گرووپ و میلیشیا لە قازانجی ئێران شەڕ دەکەن
ماڵپەڕی ئوپۆزسیۆنە ئێرانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، پارێزەرانی زیارەتگای ئەهلی بەیت “یان” پارێزەرانی زیارەتگا، گرووپێك لە ئەندامانی سپا، بەسیج، هێزە ئایینییەكانی پشتیوانیی خامنەیی و كۆمەڵێك لە مهرجهعه ئاییینییە شیعەكان و 15 گرووپی میلیشیای شیعە پێكهاتوون كە لەژێر ناوی بەرگری كردن لە گۆڕی ئیمامە شیعەكان و نەوە و نەتیجەی ئەم ئیمامانە لە سووریا و عێراق، شەڕ دەكەن.
ئەندامانی ئەم گرووپە میلیشیایانە كە فەیلەقی قودسی سپای پاسداران بە هاوكاریی حیزبوڵڵای لوبنان، لە ڕاهێنان و ڕێكخستنیاندا دەور دەگێڕێ، پێكهاتەیەكە لە شیعەكانی ئێران، ئەفغانستان، پاكستان، عێراق، سووریا و لوبنان.
لە ئێران ناوهندێک بەناوی قەرارگاری ناوەندیی “ئیمام حوسێن” سەر بە سپای پاسداران، به گرنگترین ناوەندی ڕێكخستن و بەرەوپێشبردنی هێزەكانی “پارێزەری زیارەتگا” دادهنرێ، هەرچەند زانیارییەكی ئەوتۆ لە بابەت قەرارگای ناوەندیی “ئیمام حوسێن” لەبەردەستدا نییە، بەڵام وادەردەکەوێ ئەم ناوەندە بە مەبەستی ڕێبەرایەتیی كردنی شەڕ لە سووریا و عێراق دامەزرابێ.
“محەممەدعەلی جەعفەری” فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانیش، ڕایگەیاندووە كە ڕێژەی هێزە شەڕكەرەكانی عێراق و سووریا 200 هەزار كەسە كە لە چوارچێوەی هێزە چەكدارە مەدەنییەكاندا لە بەرەی شەڕ دان و هەموو ئەم هێزانە لە چوارچێوەی سوپای نێودەوڵەتیی “پارێزەرانی هەرێم”دا، لە سووریا و عێراق شەڕ دەكەن.
گرنگترینی ئەم گرووپانەی كە لە حاڵی حازردا لە سووریا و عێراق به قازانجی کۆماری ئیسلامی له بهرهی شهڕ دان بریتین له:
فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، حیزبوڵڵای لوبنان، حیزبوڵڵای سووریا، سپای بەدر، گوردانی “ابولفەزل العباس”، گوردانی فاتمییون، گوردانی زێنەبییون، زولفەقار، گرووپی “عەسائیبی ئەهلی حەق”، “سەرایا ئەلسەلام”، “سەرایا ئەلخۆراسانی”، “کهتیبهکانی حیزبوڵڵا”، “حیزبوڵڵای عێراق، “کهتیبهکانی ئیمام عەلی”، “کهتیبهکانی سەیدولشوهەدا” و “حەرەكەتۆلنوجهبا”.
باسنيوز
