هۆزێكی عەرەب بەرەوڕوویان بوونەوە.. داعش ٣٠٠ کەسی لێ کوشتوون
(سەعید مەموزینی) بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی ١٤ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمرۆ چوارشەمە، ژمارەیەك چەكداری سەر بە هۆزی جبووری پەلاماری بارەگایەكی داعشیان لەنێو گەیارە دا و شەڕ و پێكدادان لە نێوان تیرۆریستانی داعش و چەكدارانی هۆزەكەدا ڕووی دا".
(مەموزینی) ئاماژەیشی دا: "بە هۆی شەڕ و پێكدادانەكەی نێوانیانەوە، ژمارەیەك تیرۆریستی داعش كوژراون و زیانێكی زۆریشیان پێ گەیەندراوە".
پێوەست بە هۆكاری روودانی شەڕ و پێكدادانەكەی داعش و هۆزی جبوورییش گوتی: "تیرۆریستانی داعش لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠٠ كەسیان لە هۆزی جبووری لە سنووری گەیارە گولـلەباران كرد كە زۆریان خزمەتیان لە ریزی سوپای پێشووی عێراقدا هەبوو، هەر بۆیەیش هۆزی جبووری هێرشیان كردووەتە سەر داعش".
هۆزی جبووری دووەمین جارە هێرش بۆ سەر بارەگاكانی داعش لە گەیارەدا دەبات.
لەلایەكی دیكەوە، (مەموزینی) ڕایگەیاند، داعش ڕێوشوێنی ئەمنیی توندی لەنیو شاری مووسڵ گرتووەتە بەر و بازگەی كاتیی لە زۆربەی گەڕەكەكان داناوە، هەروەها بە هەڕەمەكی كەوتووەتە گرتنی دانیشتووانی شارەكە و زیاتر لە ٣٠٢ كەسیان دەستگیر كردووە.
