وەزارەتی بەرگری عێراق هێزێکی نوێ دروستدەکات

 وەزارەتی بەرگری عێراق هێزێکی نوێ دروستدەکات
بەهۆی بوونی شەڕو ناکۆکی نێوان هۆزەکان، وەزارەتی بەرگری عێراق بڕیاریداوە، هێزێکی کۆماندۆیی تایبەت درووستبکات و لە سنووری پارێزگای بەسرە جێگیریان بکات، هاوکات ئەرکی سەرۆکی ئەو هێزە نوێیەش جێبەجێکردنی بنەماکانی یاسایە بەسەر چەکدارەکانی هۆزەکان.

خالید عوبێدی، وەزیری بەرگری عێراق لە لێدوانێکی رۆژانەڤانیدا رایگەیاند:" دوای تاوتوێکردنی بارودۆخی ئەمنی لەگەڵ سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنی بەسرە و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە، بڕیارماندا بە درووستکردنی لیوایەکی نوێی ئەمنی بەناوی هێزی کۆماندۆ، کە ئەو هێزە لە سنووری پارێزگای بەسرە جێگیردەکرێت".

وەزیری بەرگری عێراق هەروەها گوتیشی:" مەبەست لە دروستکردنی ئەو لیوایە و جێگیرکردنی لەسنووری پارێزگای بەسرە، جێبەجێکردنی یاسایە بەسەر چەکدارانی هۆزەکانی سنووری پارێزگاکە، بەتایبەتی ئەو شارۆچکانەی، کە شەڕ و ناکۆکی نێوان هۆزەکانی تێدا بەدیدەکرێت".

لەماوەی رابردوودا،شەڕ و ناکۆکی لە نێوان هۆزەکانی پارێزگای بەسرە سەریهەڵداوە و لە ئەنجامدا شەڕ لە نێوان چەکدارانی هۆزەکان روویداوە و بەدەیان قوربانی و برینداری لێکەوتۆتەوە.














رووداو
Top