قاسم سلێمانی جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە عێراق

قاسم سلێمانی جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە عێراق
هەندێ‌ لە هەواڵدەرییەكانی سەر بە سوپای پاسداران باس لە گەڕانەوەی قاسم سلێمانی بۆ ناو خاكی عێراق دەكەن.

هەندێ‌ لە ماڵپەڕە عەرەبییەكانی سەر بە میلیشیا شیعەكانی عێراق و ماڵپەڕی “دیگربان”ی نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویان كردووەتەوە كەلە رۆژانی رباردوودا جارێكی دیكە “قاسم سلێمانی” فەرماندەی فەیلەقی “قودس” لقی دەرەوەی سوپای پاسدارانی ئێران بە چەك و چۆڵێكی زۆر و بەتایبەت مووشەكی “زلزال” گەڕاوەتەوە عێراق و لە پارێزگای ئەنبار لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی دژ بە چەكدارانی داعش شەڕ دەكات.

ئەو ماڵپەڕانە ئاماژەیان بەوەش كردووە كە ئێران كۆمەڵێك مووشەكی جۆری “زلزال” و چەك و چۆڵێ‌ دیكەی بۆ چەكدارانی حەشدی شەعبی ناردووە.
بەڕای كارناسانی سەربازی گەڕانەوەی دووبارەی قاسم سلێمانی بۆ عێراق و ناردنی چەك و چۆڵی نوێی ئێران بۆ عێراق، بەرەنجامی دانوستان و سەفەری ئەم دوایانەی “حوسێن دێهقان” وەزیری بەرگریی ئێران بووە لەگەڵ بەرپرسە باڵا سیاسی و سەربازییەكانی عێراق.

حوسێن دێهقان نزیك بە 10 رۆژ لەمەوپێش بۆ سەردانێكی عێراقی كرد و بۆماوەی یەك هەفتە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی عێراق دیدار و چاوپێكەوتنی پێكهێنا.

ئەم سەفەرەی دێهقان پاش دەستبەسەردا گرتنی شاری “روومادی” لەلایەن داعشەوە رووی دا كە هەندێ‌ لە بەرپرسانی ئێرانی باسیان لە خۆتەیا كردنی ئێران بۆ یارمەتیدانی عێراق دەكرد.

بەپێی هەڕەشە و لێدوانی گەورە بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئێران پاش گرتنی روومادی لەلایەن داعشەوە ئێران ترسی لێ نێشتووە ئەو هێزە و شەڕەکانی عێراق نزیکی سنوورەکانی ئێران بکەوێتەوە، بۆیە بە بەردەوامی هەڕەسەی بەرەنگاربوونەوەی دەکەن.

پێشتریش و لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا هێزەكانی هێزەكانی قودس و سوپای پاسدارانی ئێران شان بەشانی سوپای سووریا لەدژی ئۆپۆزسیۆن و خەڵكی راپەڕیوی سووریا شەڕیان كردووە و ماوەی نزیك بە دوو ساڵیشە لە ناوچە شیعە نشینەكانی عێراقیش هێزەكانی سوپای پاسداران بە فەرماندەیی قاسم سلێمانی حزووریان هەیە.

هەتا ئێستە لە عێراق و سووریا و كۆمەڵێكی بەرچاو لە فەرماندە و هێزەكانی سوپای پاسداران كوژراون.

تەنیا لە رۆژانی رابردوودا بەهۆی تەقینەوەی داعش لە بنكەیەكی سەربازی لە ئەنبار 15 ئەندام و ئەفسەری سوپای پاسدارانی ئێران گیانیان لەدەست دا.

هەرچەند هەتا ئێستەش ئێران و ناوەندە سەربازییەكانی حاشا لە بوونی هێزی سەربازیی ئەو وڵاتە لە عێراق دەكەن و دەڵێن ئەو هێزانە راوێژكاری سەربازی و پارێزەری ناوەندە ئاینییەكانن.





















باسنيوز
Top