یونیسێف: له‌ سه‌دا 20ی منداڵانی عێراق له‌ خوێندن دابڕاون

یونیسێف: له‌ سه‌دا 20ی منداڵانی عێراق له‌ خوێندن دابڕاون
رێكخراوی یونسێف تایبه‌ت به‌ مافی منداڵان سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، راپۆرتێكی له‌باره‌ی دابڕانی منداڵانی عێراق له‌ قوتابخانه‌كان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ به‌پێی راپۆرته‌كه‌، ژماره‌ی ئه‌و منداڵانه‌ كه‌ له‌ عێراق له‌ قوتابخانه‌ دوور خراوه‌نه‌ته‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 20%.

له‌و راپۆرته‌ كه‌ یونیسێف به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كانی حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پلاندانان ئاماده‌یی كردووه‌ ، روونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ رێژه‌ی دابڕانی قوتابیانى منداڵان له‌ قوتابخانه‌كانى عێراق زیاتر بیست له‌سه‌دی تێپه‌ڕندووه‌ كه‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ ده‌گاته‌ نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن و 185 هه‌زارو 33.

هاوكات به‌ڕێوبه‌ری به‌رنامه‌ی یونیسێف له‌ عێراق ئایكه‌م جاجنا له‌میانی خستنه‌ڕووی راپۆرته‌كه‌دا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند، ئه‌نجامی ئه‌و راپۆرته‌، مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاینده‌ی بواری زانست له‌ عێراق.

جاجنا ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، زیاتر له‌ 20 له‌سه‌دا له‌ هاووڵاتیانی عێراق له‌ 10 ساڵه‌ی داهاتوو نه‌زان و دواكه‌وتوو ده‌بن ئه‌مه‌ش وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ناچار ده‌كات، هه‌وڵه‌كانی به‌جدی بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ریی ئه‌و قه‌یرانه‌ بخاته‌گه‌ڕ و زیاتر ناوه‌نده‌كانی قوتابخانه‌كان له‌ سه‌رتاپای وڵات كاراتر بكات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت كۆنترۆڵی دیارده‌ی نه‌هێشتنی خوێندن بكات.
Top