لەوەتی داعش ڕەمادیـی داگیر کردووە، نزیكەی 25 هەزار کەس هەڵهاتوونە

 لەوەتی داعش ڕەمادیـی داگیر کردووە، نزیكەی 25 هەزار کەس هەڵهاتوونە
نزیكەی 25هەزار کەس ڕەمادییان بەجێ هێشتووە و زۆربەیان بەرەو بەغدا هەڵهاتوونە.

نەتەوە یەكگرتوەكان ڕایگەیاند لە دوای هەڵهاتنی ئەو هەموو خەڵکە، ئەوان و رێكخراوە فریاگوزارییەكانی دیكە دەستیان كردووە بە دابەشكردنی خۆراك و ئاو و پێداویستیی پزیشكی و، دابینكردنی كەمپی كاتی و ئاودەست.

نەتەوە یەكگرتوەكان دەڵێت: "ئەو ئاوارانەی گەڕابووبوونەوە ڕومادی، دیسان ڕایان‌کردووە."
(لیس گراندی) بەرپرسی هاوكارییە مرۆییەكانی یوئێن لە عێراق دەڵێت: "ئێستا هیچ لەوە گرنگتر نییە بچین بە هانای ئاوارەکانی خەڵکی ڕومادی و، چیمان پێ دەکرێت بۆیانی بکەین؛ بە هەزاران کەس لەبەر بێ‌جێوڕێیی لە دەرەوە دەنوون."

نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە خێرخوازییەكان، تا ئێستا نزیکەی دووملیۆن‌و٢٠٠هەزار ئاوارەی عێراقییان باروبوو کردووە بەڵام وا دیارە خەرجییان زۆر قورسە و، لە مانگی شەش بەو لاوە ئیتر دەرەقەت نایەن و، ناچارن ئەو 56 بەرنامەی تەندروستییەی هەیانە، دایبخەن.
Top