شاندێکی باڵای پەرلەمانی عێراق بەشداری كۆنگرەی ناتۆ دەكات

 شاندێکی باڵای پەرلەمانی عێراق بەشداری كۆنگرەی ناتۆ دەكات
شاندێکی باڵای پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەكۆنگرەی وڵاتانی ناتۆ كە لەوڵاتی هەنگاریا بەڕێوەدەچێت، بەشداری دەکات و لە کۆنگرەکەش وتارێکی دەبێت.

ئێوارەی رۆژی 15-5-2015 شاندێکی باڵای پەرلەمانی عێراق بەسەرۆكایەتی ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و ئەندامێتی هۆشیار عەبدوڵڵا و ئەسكەندەر وتوت ئەندامانی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق گەیشتە شاری (بوداپێست) پایتەختی وڵاتی هەنگاریا بەمەبەستی بەشداریكردن لەكۆنگرەی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەتڵەسی باکوور( ناتۆ ).

نووسینگەی رۆژنامەوانیی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند " ئامانجی کۆنگرەکە هەڵسەنگاندنی كێشەكانی جیهان بەگشتی و دۆخی ئاڵۆزی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو ئاستەنگانەیە، كە رووبەڕووی رێكخراوەكەو ئاسایشی جیهان بۆتەوە، بەهۆی مەترسی ‌و هەڕەشەكانی تیرۆر" .

لەكۆنگرەكەدا، ئارام شێخ محەممەد باسێك لەبارەی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاستەنگ و هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر عێراق و ناوچەكە دەخاتەڕوو.

كۆنگرەكە تاوەکو رۆژی 16 و 17 و 18-5-2015 بەردەوامیی دەبێت، كارەكانی سێ‌ رۆژی كۆنگرە لە رێگەی 5 لێژنەی هەمیشەیی ناتۆوە بەڕێوەدەچێت، كە ئەوانیش لێژنەكانی(رەهەندی مەدەنی، ئاسایش و بەرگری، ئاسایش و ئابووری، سیاسی، زانست و تەكنەلۆجیا).

هەریەك لەم لیژنانە راپۆرتی تایبەتی خۆیان دەبێت سەبارەت بەچۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ گۆڕانكارییە نوێیەكان و گەڵاڵەكردنی ئالییەتی نوێی رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان لەسەر هەریەك لەم ئاستانە.







رووداو
Top