عەبادی، وەزیری نەوت دەنێرێتە هەولێر
ئەمڕۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكانی نێو پەرلەمانی عێراق لە هەولێر كۆبوونەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پابەندنەبوونی حكومەتی عەبادی بە یاسای بودجە و رێككەوتنەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان. بەپێی ئەو زانیارییانەشی بە رووداو گەیشتووە، بەغدا زانیویەتی هەرێمی کوردستان جدییە لە یەکلاییکردنەوەی رێککەوتنەکەی لەگەڵ بەغدا، بۆیە عەبادی بڕیاریداوە ئەمڕۆ وەزیری نەوت بنێرێتە هەولێر و کێشەی بودجە و هۆکاری نەناردنی پارەی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان روون بکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا رایگەیاندووە، کە ئەگەر بەغدا پابەندی رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا نەبێ، ئەوە هەرێمی کوردستان بیر لە سەربەخۆیی ئابووری دەکاتەوە. پێشتریش مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە ئەگەر بەغدا پابەندی رێککەوتنەکە نەبێ و پارە بۆ هەولێر نەنێرێ، ئەوا ئیتر هەرێمی کوردستان راستەوخۆ نەوتی خۆی دەفرۆشێ.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو 6ی ئایار، بەغدا رایگەیاند، كە 543 ملیار دیناری خستووەتە سەر حسابی هەرێمی كوردستان و رۆژی دووشەممە 11-5-2015 بڕی 488 ملیار دینار لە پارەكە گەیشت، کەمکردنەوەی ئەو بڕ پارەیەش لەسەر بڕیاری عەبادی بووە. ئامانج رەحیم ، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " لەكاتی گەیشتنی پارەكە بۆ فڕۆكەخانەی بەغدا ، حەیدەر عەبادی تەلەفۆنی بۆ وەزارەتی دارایی كردبوو ، كە نیوەی ئەو 543 ملیار دینارەش بگێڕنەوەو نەینێرن بۆ هەرێمی كوردستان ، دواتر بەهۆی وەزارەتی دارایی عێراقەوە رازیبوو تەنیا 10% لەو 543 ملیار دینارە بگێڕدرێتەوە".
رووداو
