وەزارەتی بەرگریی عێراق كوژرانی 32 چەكداری داعش رادەگەیێنێت
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "لە هەڵمەتێكی سەربازیدا هێزێكی پیادەی فیرقەی 8ی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار، بە پاڵپشتی تۆپی قورس و هاوەن و تانكی (ئەبرامز) ژمارەیەك هێرشی چەكدارانی داعشیان بۆ سەر بنكەو بارەگا سەربازییەكانی سوپای عێراق تێكشكاندو لە ئاكامدا 7 چەكداری داعش كوژران و 9 چەكداری دیكەش برینداربوون، سەرەڕای تێكشكاندنی 4 ئۆتۆمبێلی دۆشكەهەڵگر".
هاوكات بە ئامانجی دەركردنی چەكدارانی داعش هێزێكی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپا هەڵمەتێكی سەربازییان لە زنجیرە چیای حەمرین ئەنجامداو لە ئاكامدا: " 25 چەكداری داعش كوژران، سەرەڕای سووتاندنی 3 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو ئۆتۆمبێلێكی پڕ لە بۆمبی چێندراو و پوچەڵكردنەوەی 11 بۆمبی دیكە".
بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، "هێزە ئەمنییەكان لە پڕۆسەی سەربازی لە زنجیرە چیای حەمرین لە دەركردنی پاشماوەی چەكدارانی داعش بەردەوامن".
رۆژی دووشەمە 11 / 5 / 2015 نووسینگەی راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند: "بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رێگەی نێوان هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین ـ ئەنبارو ناوچەكانی نزیك پاڵاوگەی بێجی كە تاوەكو ئێستا بەدەست چەكدارانی داعشەوەن، هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە پاڵپشتی هێزەكانی حەشدی شەعبی و چەكدارانی هۆزەكان و فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سوپای عێراق ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی فراوان دەكەن لە ناوچەكە، هەروەها بۆ دامەزراندنی هێڵی بەرگری نوێ و دوور لە پاڵاوگەی بێجی لە پێناو پاراستنی لە هێرشی چەكدارانی داعش".
پێشتریش وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كۆنتڕۆڵكردنەوەی كێڵگە نەوتییەكانی عجێل و تەواوی زنجیرە چیای حەمرینی لەدەست چەكدارانی داعش راگەیاند.
رووداو
