عه‌لاوی داوای ئازادكردنی وه‌زیری به‌رگریی رژێمی به‌عس ده‌كات

عه‌لاوی داوای ئازادكردنی وه‌زیری به‌رگریی رژێمی به‌عس ده‌كات
ئه‌یاد عه‌للاوی جێگری سه‌رك كۆمار بۆ كاروباری ئاشته‌وایی داوای له‌ حكوومه‌تی فیدڕاڵ كرد، سوڵتان هاشم ئازاد بكات كه‌ له‌سه‌رده‌می رژێمی پێشوو وه‌زیری به‌رگری بوو و راشیگه‌یاند، هاشم و له‌گه‌ڵ هه‌ندێ‌ به‌ندكراوانی دیكه‌ كێش و قورسایی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ربازییان له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌ و ده‌توانرێت له‌شه‌ڕی دژی چه‌كدارانی داعش سوودیان لێ ببینرێت به‌ تایبه‌تیش له‌ شه‌ڕه‌كانی نه‌ینه‌وا و ئه‌نبار و سه‌ڵاحه‌دین.

له‌ لێدوانێكدا عه‌للاوی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ر سێ‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌، داوای له‌ سه‌رۆكوه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی كردووه‌، به‌ندكراوانی سه‌رده‌می رژێمی پێشوو ئازاد بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ كێش و قورسایی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ربازیی و عه‌شایه‌ریان له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌.

عه‌للاوی گوتیشی: ده‌توانرێت له‌ میانی ئازادكردنی ئه‌و به‌ندكراوانه‌، وره‌ی هاووڵاتییان له‌ رووی ده‌روونی و سه‌ربازیی له‌شه‌ڕی دژی چه‌كدارانی داعش به‌رز ببێته‌وه‌ و گرتنه‌ به‌ری هه‌نگاوی ئازادكردنی ئه‌و به‌ندكراوانه‌، ده‌ستپێشخه‌ری و نیازپاكی حكوومه‌تی ئیتیحادی به‌ره‌و رێگه‌ی به‌دیهێنانی ئاشته‌وایی ده‌رده‌كه‌وێت.
Top