پێنتاگۆن : شه‌ڕى پاڵاوگه‌ى بێجى له‌ عێراق به‌ ئاراسته‌یه‌كى هه‌ڵه‌دا ده‌ڕوات

پێنتاگۆن : شه‌ڕى پاڵاوگه‌ى بێجى له‌ عێراق به‌ ئاراسته‌یه‌كى هه‌ڵه‌دا ده‌ڕوات
وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند كه‌ شه‌ڕى هێزه‌كانى عێراقى بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى پاڵاوگه‌ى بێجى و رزگاركردنى له‌ ده‌ستى تیرۆریستانى داعش به‌ ئاراسته‌یه‌كى هه‌ڵه‌دا ده‌ڕوات . ستیف وارن گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند شه‌ڕى پاڵاوگه‌ى بێجى سه‌خت بوو و ده‌ره‌نجامه‌كانیشى نه‌زانراوه‌ و ئێستاش ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كى هه‌ڵه‌دا ده‌ڕوات . راشیگه‌یاند كه‌ بارودۆخه‌كه‌ ده‌گۆڕدرێت، به‌ڵام له‌ ئێستادا ناتوانرێت پێشبینی ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ چى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ .

گوته‌بێژى پێنتاگۆن ئه‌وه‌شى راگه‌یاند كه‌ پاڵاوگه‌ى بێجى له‌ ئێستادا كار ناكات و دیاریش نییه‌ كه‌ ئایا داعش سود له‌و پاڵاوگه‌یه‌ وه‌رده‌گرێت هه‌تا ئه‌گه‌ر بتوانێت ده‌ستیشى به‌سه‌درا بگرێت ، ستیڤ وارن ئه‌وه‌شى راگه‌یاند كه‌ بێجى ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ موسڵ و گرتنه‌وه‌ى موسڵیش به‌ بێ بێجى، كارێكى سه‌خت ده‌بێت نه‌ك كارێكى مه‌حاڵ . جێى باسه‌ تیرۆریستانى داعش به‌شى زۆرى پاڵاوگه‌ى بێجییان داگیر كردووه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین پاڵاوگه‌ى نه‌وتى عێراقه‌ و شه‌ڕى هێزه‌كانى عێراقیش بۆ رزگاركردنى بێجى له‌ ده‌ستى داعش به‌رده‌وامه‌ .
Top