بەغدا.. دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت و خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژەیاسایەك دەكرێت
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە سەعات 11ـی پێشنیوەڕۆ، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەست پێ دەكات كە دانیشتنی ژمارە ( 36)ـی خولی یاسادانانی دووەمە لە ساڵی یەكەمی پەرلەماندا".
(جاف) گوتیشی: "لە كارنامەی دانشتنەكەدا هاتووە، سەرەتا دەنگدان بۆ پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵیی باڵا و پڕۆژەیاسای پەسەندكردنی رێككەوتنامەی نێوان عێراق و كوێت لە بواری خوێدنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەكرێت و، دواتریش ڕاپۆرتی لیژنەی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی پێشكەش دەكرێت و گفتوگۆ لەبارەی كاری لیژنەكەوە دەكرێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر گوتی: "خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواركراوی دووەم لە یاسای وەربەرهێنانی تایبەت لە بواری پاڵاوتنی نەوتی خاو و، خوێندنەوەی دووەمیش بۆ پرۆژەیاسای پاسپۆرت دەكرێت، هەروەها دواتریش بەردەوامی بە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەدرێت".
