لەپرۆژە یاسای دادگەی فیدراڵی عێراق دا داواکاریەکانی کورد جێگیر کرا

لەپرۆژە یاسای دادگەی فیدراڵی عێراق دا داواکاریەکانی کورد جێگیر کرا
زانا رۆستایی ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، کەمێک لەمەوبەر فراکسۆنەکانی پەرلەمانی عێراق لەسەر تێپەراندنی پرۆژە یاسای دادگەی فیدراڵی لەعێراق رێکەوتن، ھێما بۆ ئەوەش دەکا داواکاریی و تێبینیەکانی کورد لەو پرۆژە یاسایە چەسپاوە.
زانا رۆستایی پەرلەمانتاری فراکسۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان راگەیاند، ئەمڕۆ کۆمەڵێک کۆبونەوەی گرنگ لەنێوان ئەندامانی لیژنەی یاسایی و فراکسۆنەکانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی گەیشتن بە رێکەوتنێک بۆ تێپەراندنی پرۆژە یاسای دادگەی فیدراڵی ئەنجام دراوە.
راشیگەیاند، دوو ناکۆکی گەورە ھەبوو کە ببوە ھۆی پەسندنەکردنی پرۆژە یاساکە کە پەیوەندیان بە ئایا ئەندامانی ئەو دادگەیە لەکوێ متمانەیان پێ بدرێ سەرۆکایەتی کۆمار یان پەرلەمان، کورد داوای دەکرد لەپەرلەمان متمانەیان پێ بدرێ، ئەو داواکاریەی کورد جێگیر کرا.
ئەوەشی خستەروو، ناکۆکیەکی تریش لەنێوان فراکسۆنە کوردییەکان و ھاوپەیمانی شیعە لەسەر ئەوە بووە ھاوپەیمانی شیعە داوایان دەکرد دەبێ لەسەر کۆی بڕیارەکانی ئەو دادگەیە مافی ڤیتۆیان ھەبێ، ئێمە لەگەڵ ئەوە دا نەبووین، ئەوە بوو رێکەوتین ئەو چوار شارەزایەی شەرعیەتی ئیسلام تەنیا بۆیان ھەیە مافی ڤیتۆیان ھەبێ لەسەر ئەو بڕیارانەی کە پەیوەندیان بە ماددەی ٢ی دەستووری عێراق ھەیە کە تایبەتمەندە بە پرسە شەرعیەکانی ئیسلام ئەویش بە دەنگی ٣ لەسەر ٤ ئەندامانیان.
Top