دوور نییە مەشعان جبووری لە پەرلەمان دوور بخرێتەوە
ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق(د. ئەردەلان نوورەدین) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كەیسی (مەشعان جبووری)ـی خستە بەردەم لیژنەی دەستپاكی بۆ ئەوەی لە بڕوانامەكەی بكۆڵینەوە، لیژنەكەیشمان لەو بارەیەوە كۆبوونەوەی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجام دا و لەو كۆبوونەوەكەیشماندا بۆمان دەركەوت بە شێوەیەكی گشتی (مەشعان جبووری) تاكو ئێستا نەیتوانیوە بڕوانامەكەی پێشكەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران بكات، ئەو لە پاش ساڵی 2003 بڕوانامەی دەرچوونی ئامادەیی بە دەست هێناوە، بەڵام لە سووریا بەمەش لە ساڵی 2005 ببووە ئەندامی پەرلەمان، دوای زانینی ئەوەی بڕوانامەی تەواو نییە، لە پەرلەمانتاری دوور خرابووەوە، ئێستایش هەمان بڕوانامەی پێشكەش كردووە".
(د. ئەردەلان) گوتیشی: "پاش ئەوەی ئێمە گەییشتینە ئەو ڕاستییەی كە بڕوانامەی پەسەند كراویان نییە و ئەگەر هەشیبێت لە سووریایە، بەڵام بڕوانامەكەی پەسەند نەكراوە، هەر بەڕێزێكیش بڕوانامەی نەبێت، ئەنجوومەنی نوێنەران بۆی هەیە دووری بخاتەوە و كەسێكی دیكە بێتە شوێنی ئەو؛ بۆیە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانمان داوەتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و، پێویستە ئەو بابەتە بخاتە بەرنامەی كار و دەنگی لەسەر بدرێت، ئەگەر دوو لەسەر سێی ئەندامانیش بە دوورخستنەوەی رازی بوون، ئەوا دوور دەخرێتەوە، بە ناڕازیبوونیش پێویستە دادگای فیدراڵی ئەو بابەتە یەكلا بكاتەوە".
