فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا هاوپەیمانێتییەک پێکدەهێنن
د.موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئایاری 2015ی ئەنجوومەنی نوێنەران چەند پرۆژەیاسایەک هەمواردەکرێنەوە، لەنێویاندا پرۆژەیاسای گۆڕە بە کۆمەڵەکان و باسکردنی ئەو کۆمپانیایانەی کە ماوەیەکی زۆرە مووچەی فەرمانبەرانیان نەداوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی گوتیشی: "فراکسیۆنە کوردییەکان ئەمڕۆ ئەو هاوپەیمانێتییە پێکدەهێنن، هەرچەندە پێشتریش لە کردەییدا وەکو هاوپەیمانێتی رەفتارکراوە و یەکدەنگ بووین، ئێستاش پێکهێنانی هاوپەیمانێتی کوردی لە پەرلەمانی بەغدا تەنها راگەیێندراوە، نە پەیڕەوی ناوخۆی بۆ نووسراوەتەوە و نە سەرۆکیشی دیاریکراوە".
هاوکات شاخەوان عەبدوڵڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی "لە دانیشتنی ئەمڕۆدا وەزیری بەرگریی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان کراوە، کەکاتی کۆنترۆڵکردنی شاری موسڵ لەلایەن داعشەوە، راوێژکاری ئەسیل نوجێفی، پارێزگاری موسڵ بووە، چەندین سەرکردەی سەربازی دیکە لەسەر ئەو پرسە ئامادە دەبن".
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی "رەنگە هەر لە دانیشتنەکەدا دەنگ لەسەر بانگهێشتکردنی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بدرێ".
دوای ساڵێك كاركردن بەشێوەی 5 فراكسیۆنی جیاواز، هەریەك لە فراكسیۆنەكانی (پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان) لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەكشەممە 3ی ئایاری 2015، واژۆیان لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانییەك بە ناونیشانی (هاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان) كرد.
رووداو
