حكومەتی عێراق پێدانی چەك بە كورد و سوننە رەتدەكاتەوە

حكومەتی عێراق پێدانی چەك بە كورد و سوننە رەتدەكاتەوە
نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بەیاننامەیەك لەسەر پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسایەك لە لایەن لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كۆنگرێسی ئەمریكا سەبارەت بە مامەڵەكردنی راستەوخۆی واشنتن لەگەڵ كورد و سوننە و پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی لە دژی شەڕی داعش دەردەکات.

حكومەتی عێراق لەو بەیاننامەیەدا رایدەگەیێنێت،" پێشوازی لە هەوڵی هەموو وڵاتان دەكەین كە لە تەك عێراقەوە وەستاون و لە شەڕی دژی چەتەكانی داعش و تیرۆریستان هاوكاریی سەربازی پێشكەشی عێراق دەكەن، هەموو لایەك دڵنیادەكەینەوە كە مامەڵەی حكومەتی عێراق لە پێشتر و ئێستاش لە چوارچێوی رێزگرتنە لە سەروەری عێراق".

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە:" عێراق لەسەر ئەو بنەما نەگۆڕانەی دایناون لە گفتوگۆكردن لەگەڵ وڵاتان بەردەوامدەبێت، بەڵام هەندێك لایەنی دەرەكی بە شێوەی دووفاقی مامەڵەی لەگەڵ دەكەن و لێرەوە دووپاتیدەكەینەوە هەر پڕچەك كردنێك دەبێت لە رێگای حكومەتی عێراقەوە بێت".

نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی جەختدەكاتەوە "سەرجەم پێكهاتە و كەمایەتییەكان هەموویان بەرەنگاری چەتەكانی داعشی تیرۆرستی دەبنەوە، ئەمەش لە سەر واقیع سەلمێندراوە، هەموو پێكهاتەكانی عێراق لە شەڕ بەردەوامن بۆ رزگاركردنی هەموو خاكی عێراق لە چەتەكانی داعش و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان".

لە بەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە:" ئەو پڕۆژەیاسایەی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمریكا رەتدەكەینەوە، چونكە دەبێتە هۆی زیاتر پارچەبوون لە ناوچەكە و داوادەكەین هەنگاوی بۆ نەنرێت".

بە ئامانجی پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی بەشێوەیەكی راستەوخۆ، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی نیسانی 2015 ، لیژنەی كاروباری دەرەوە لە كۆنگرێسی ئەمریكا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسایەك دەدات، بەپێی پڕۆژەیاسایەكە ئەمریكا راستەوخۆ لە رووی پێدانی چەک مامەڵە لەگەڵ كورد و عەرەبی سوننە لە عێراق دەكات.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2013، جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، دامەزراندنی 3 هەرێمی (شیعە، سوننە و كورد) بووەتە بژاردەیەكی گرنگ و پێویستە بۆ كۆتاییهێنان بە تەنگژەی عێراق.





















رووداو
Top