داعش رێگەی ئەردەن لە عێراق دادەخات

داعش رێگەی ئەردەن لە عێراق دادەخات
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چەکدارانی داعش بە سێ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیانکردە سەر دەروازەی سنووری تەریبیل کە عێراق بە ئەردەن دەبەستێتەوەو دواتر دەستیان بەسەر دەروازەکەدا گرت، هاوکات بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە پاسەوانانی سنووری عێراق کوژران.

سەباح کەرحوت، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند ''چەکدارانی داعش بە سێ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیانکردە سەر دەروازەی تەریبیل لە سنووری عێراق- ئەردەن و بەهۆیەوە 5 سەرباز کوژران و 9ی دیکەش برینداربوون و هەروەها دەروازەکەش داخرا''.

لەدوای هێرشەکە چەکدارانی داعش بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەنجامدانی هێرشەکە راگەیاند و ناوی خۆکوژەکانیان ئاشکراکرد، کە بریتین لە ''ئەبو جەعفەری سەنیگالی و ئەبو بەکری فەرەنسی و ئەبو عەبدوڵڵای بەلجیکی''.

هاوکات جاسم ئەلعەسەل، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند ''عەباس تۆفان، کە پلەی عەمید روکنە و فەرماندەی فیرقەی یەکی سوپای عێراق بوو، لەنزیک بەنداوی دەریاچەی سەرسار لە باکووری فەللوجە لە کاتی هێرشبردن بۆ سەر چەکدارانی داعش بە گوللـە هاوەنێک کوژراوە''.






























رووداو
Top