ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین: شەڕ لەنێو پاڵاوگەی بێجی بەردەوامە

 ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین: شەڕ لەنێو پاڵاوگەی بێجی بەردەوامە
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سەڵاحەدین لە باکووری عێراق رایگەیاند هێزە ئەمنییە هاوبەشەکانی عێراق لە دوێنێوە چوونەتە نێو پاڵاوگەی بێجی و شەڕ لە نێو پاڵاوگەکە هێشتا بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە پاککردنەوەی پاڵاوگەکە لە داعش.

فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین رایگەیاند: "هێزە ئەمنییە هاوبەشەکان لە سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی چوونەتە نێو پاڵاوگەی بێجی (٤٠ کم باکووری تکریت) و شەڕوپێکدادان لەگەڵ چەکدارانی داعش لە نێو پاڵاوگەکە هێشتا بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە پاککردنەوەی پاڵاوگەکە لە داعش ".

هاوکات بەرپرسانی پەیوەندیداری عێراق دەڵێن "هێزە ئەمنییەکان زۆربەی زۆری پاڵاوگەی بێجیان کۆنترۆڵکردووەتەوە". سەرچاوە ئەمنییەکانی سەڵاحەدینیش دەڵێن "ئەو هێزانەی کە پاڵاوگەی بێجییان گەمارۆداوە، بریتین لە لیوای عەلی ئەکبەری حەشدی شەعبی و هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین".

هەروەها سەرچاوە ئەمنییەکانی پارێزگای سەڵاحەدین باس لە بەردەوامیی شەڕوپێکدادان دەکەن لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و چەکدارانی داعش لە نێو شارۆچکەی بێجی لە پارێزگاکە و دەڵێن "هێزە ئەمنییەکان لە دوێنێوە لە پێشڕەویدان".

چەکدارانی داعش توانییان هەفتەی رابردوو بچنە نێو پاڵاوگەی بێجی، کە بە گەورەترین پاڵاوگەی نەوت دەناسرێت لە عێراق و بەشێکی پاڵاوگەکەیان کۆنترۆڵکرد. دوێنێش تەلەفزیۆنی عێراقییەی نیمچە فەرمی لە زاری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدینەوە بڵاویکردەوە کە تەواوی پاڵاوگەکە کۆنترۆڵکراوەتەوە.










رووداو
Top