دوو فەوجی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گەیشتنە روومادی

دوو فەوجی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گەیشتنە روومادی
فیرقەی ئاڵتوونی عێراق گەیشتنی دوو فەوجی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ روومادی راگەیاند، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لەو هێزانەی لە شارەکە دژی داعش لەشەڕدان، هەروەها هێزی پشتیوانی دیکەش لەرێگەدان بۆ گەیشتن بەو شارە.

عەمید عەبدولئەمیر خەزرەجی، جێگری فەرماندەی فیرقەی ئاڵتوونی عێراق، لە لێداونێکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ شەممە 18ی نیسانی 2015 رایگەیاند:" وەک پشتیوانی سەربازی بۆ کەرتە ئەمنییەکان لە سوپا، پۆلیس، فەوجی فریاگوزاری و چەکدارانی عەشایەرەکان، دوو فەوجی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گەیشتنە شاری روومادی و چوونە نێو کەمپی حکومی".

خەزرەجی هەروەها دەڵێت:" ئەو هێزانە لە بەغداوە شەوی رابردوو گەیشتنە بنکەی سەربازی حەبانیە بە دووری 30 کم لە رۆژهەڵاتی روومادی، دواتر چوونە ناو شارەکە". دەشڵێت "هێزی دیکەی پشتیوانی بەرێگەوەن بۆ شاری روومادی".

بە ئامانجی كۆنترۆڵكردنەوەی لەدەست چەكدارانی داعش، هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە پاڵپشتی هێزەكانی حەشدی شەعبی، چەكدارانی خۆبەخش و فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنێكی فراوانیان لە پارێزگای ئەنبار و باكووری سەڵاحەدین دەستپێكردووە، رۆژی هەینیش هێزێكی 3 هەزار چەكداری لە چەكدارانی حەشدی شەعبی گەیشتە روومادی.





















رووداو
Top