حەیدەر عەبادی: رێککەوتین لەگەڵ هەولێر بۆ هاوکاریکردنی پێشمەرگە

حەیدەر عەبادی: رێککەوتین لەگەڵ هەولێر بۆ هاوکاریکردنی پێشمەرگە
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە سەنتەری ستراتیژی و نێودەوڵەتی لە ئەمریکا گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی " لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوینەتە رێککەوتن لەسەر شەریکایەتییەکی دادپەروەرانە لە بودجە و هەروەها پێدانی چەک و تەقەمەنی بە پێشمەرگە بۆ شەڕی داعش".

سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەسەردانێکی چەند رۆژە لە ئەمریکایە و لەو سەنتەرە کە رۆژی 16ی نیسانی 2015 ، نێردراوی رووداویش تێیدا ئامادەبوو، لە گوتارێکیدا باسی لە ماوەی حکومڕانی خۆی کرد و گوتی " لە کاری بەردەوامداین بۆ ریفۆرم و چاکسازی لە دەستگای سەربازی و توانیویشمانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ چاکبکەین و بەردەوامیشین لەسەر ئەو بەرنامەیە".

لەبارەی زاڵبوون بەسەر گەندەڵییەکانی ناو سووپا، عەبادی گوتی" پێش هاتنم 300 ئەفسەرم خانەنشین کرد بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و خراپەکاری لەنێو سووپا".

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی سەرکەوتنەکانی سووپای عێراقەوە، باسی لەوە کرد کە تەنها بردنەوەی شەڕ گرنگ نییە بەڵکو بنیاتنانەوە و درووستکردنی ئارامی گرنگە.

عەبادی گوتیشی " تەنها چاومان لە رزگارکردنەوەی ئەنبار و موسڵ نییە، بەڵکو دەمانەوێت ئەو شارانە بنیاتبنێینەوە و شارستانییەتی بۆ بگەڕێنینەوە".

هەر لە گوتارەکەیدا، عەبادی بەڵێنیدا لە گشت ئەو کەیسانە بکۆڵێتەوە کە باسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەکەن لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە.

سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئامادەبوانی راگەیاند، کە چاوپێکەوتنی بەرهەمداری هەبووە لەگەڵ باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا و سوپاسی خەڵکەکەشی کرد.

گوتیشی داوای چەک و تەقەمەنی زیاترمان کردووە لە ئەمریکا و هەروەها داوای رێگەگرتنمان کردووە لە هاتنی چەکدارانی بیانی بۆ عێراق.





















رووداو
Top