عەبادی كاتی هێرشكردنە سەر موسڵی دیاریكرد
حەیدەر عەبادی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەنووس لارا جاكس لە گۆڤاری فۆڕین پۆلیسی، باسی لە هێرشە سەربازییەكانی سوپای عێراق دژی داعش كردووە و رایگەیاندووە:" هێرشی چاوەڕوانكراو بۆ سەر موسڵ دەكەوێتە دوای مانگی رەمەزانی ئەمساڵ". مانگی رەمەزان لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران (مانگی 6) دەستپێدەكات. رۆژنامەڤانە ئەمریكییەكە لە چەند تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، قسە گرنگەكانی عەبادی بڵاوكردوونەتەوە.
عەبادی گوتوویەتی:" سەرەتا دوای تەواوبوونی شەڕی تكریت، شاری روومادی و شارۆچكەی بێجی كۆنترۆڵدەكرێنەوە، ئینجا ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ دەستپێدەكات". شاری موسڵ و چەند ناوچەیەكی دەوروبەری، لە 10ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، دوای ئەوەی سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكان لە بەرامبەر هێرشی داعش پاشەكشەیان كرد، كەوتنە ژێر دەستی رێكخراوەكە.
حەیدەر عەبادی چەند رۆژێكە لە ئەمریكایە و زنجیرەیەك كۆبوونەوەیەكی ئەنجامداون، لەوانە لەگەڵ باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا و جۆ بایدنی جێگری كۆبووەتەوە. سەرۆكوەزیرانی عێراق لە سەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا داوای چەكی قورس و هاوكاریی دارایی و سەربازی زۆرتری لە ئەمریكا كردووە.
لەبارەی بەشداری پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە شەڕی موسڵ، پێشتر عەبادی گوتبووى: " بوونی داعش هەڕەشەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، بۆیە پێشمەرگە رۆڵی کاریگەری دەبێت لە شەڕی رزگارکردنەوەی موسڵ، پێشمان باشە خەڵکی موسڵ خۆی بەشداری شەڕەکە بکات و حەشدی شەعبی بەشداری شەڕەکە ناکات".
رووداو
