وەزارەتی بەرگری: ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی سنووری بێجی دەستیپێکرد

وەزارەتی بەرگری: ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی سنووری بێجی دەستیپێکرد
وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لە ناوچەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار، دەستپێکرد بۆ گرتنەوەی ناوچەی ئالبوفەراج لە ئەنبار. هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی ناوچەکانی دەورووبەری شارۆچکەی بێجی، لە پارێزگای سەڵاحەدین.

وەزارەتی بەرگری عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:" هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لە چوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و بەشداری هێزەکانی دژە تیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی، لە سێ قۆڵەوە دەستییان بە هێرشی پاککردنەوەی ناوچەی ئالبوفەراج کرد لە (باکووری شاری روومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار) و هێزەکان قۆناخی یەکەمی پلانەکەیان جێبەجێکردووە و دەستیان بە جێبەجێکردنی قۆناخی دووەم کردووە".

وەزارەتی بەرگری عێراق جەختدەکاتەوە "هێزە هاوبەشەکانی عێراق زیانی زۆریان بە چەکدارانی داعش لە ئەنبار گەیاندووە، لەودەمەی هێزی ئاسمانی عێراق و فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، رۆڵێکی فراوانیان لە ئۆپەراسیۆنی پێشڕەویکردن و چوونە پێشەوە گێڕا".

وەزارەتی بەرگری عێراق هاوکات دەڵێت "هێزێکی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان و پۆلیسی فیدراڵی، لە پێشڕەویدان بەرەو ئامانجی دیاریکراو بۆ پاککردنەوەی ناوچەکان و تاوەرەکانی دەورووبەری پاڵاوگەی بێجی (لە باکووری شاری تکریت ناوەندی پارێزگای سەلاحەدین)".





















رووداو
Top