شەڕێکی قورس لە دەروازەی رومادی بەڕێوەدەچێت

 شەڕێکی قورس لە دەروازەی رومادی بەڕێوەدەچێت
ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار کۆنتڕۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی دیکەی لەلایەن داعشەوە بۆ رووداو پشتڕاستکردەوەو دەڵێت:" داعش لە دەروازەی رومادیە".

جاسم ئەلحەلبووسی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "داعش ئەلبوعێسە و ئەلبوفەراج-یان بە تەواوی کۆنتڕۆڵکردووە و ئەو ناوچانە بە تەواوی لە کۆنترۆڵی داعشدان".

ئەلحەلبووسی گوتی: "داعش ئێستا لە دەروازەی رومادین و شەڕێکی قورس لە دەروازەکە لەنێوان سوپا و پۆلیسی عێراقی هەروەها چەکدارانی هۆزەکان لەگەڵ داعش بەڕێوەدەچێت".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پاریزگای ئەنبار بۆ رووداو زانیاریی ئەوەشی دا، کە هێزە عێراقییەکان بەرگری دەکەن بەرامبەر داعش و لەناوچەکانی دیکە پاڵپشتی سەربازی بۆ هێزەکان هاتووە.

بەپێی سەرچاوەکانی رووداو لە ئەنبار، داعش تەواوی ئەلبوغانمی کۆنتڕۆڵکردووە، بەڵام جاسم ئەلحەلبوسی دەڵێت " هێزە عێراقییەکان لە چەند کاژێری داهاتوودا بەشێکی ناوچەکان کۆنتڕۆڵدەکەنەوە".

بەپێی گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، چەکدارانی هۆزەکانیش شەڕی داعش دەکەن و توانیویانە هێرشی داعش بۆ سەر ناوەڕاستی رومادی بشکێنن. داواشی لە حکومەت کرد "وەک چۆن حەشدی شەعبی پڕچەک کراوە، چەکدارانی هۆزەکانیش پڕچەک بکات".









رووداو
Top