هێزە ئەمنییەكانی عێراق دوو كێڵگەی نەوتی كۆنتڕۆڵدەكەنەوە

 هێزە ئەمنییەكانی عێراق دوو كێڵگەی نەوتی كۆنتڕۆڵدەكەنەوە
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە رایگەیاند، لە ئاكامی پێكدادانەكانی نێوان چەكدارانی داعش و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رۆژئاوای شاری تكریت، ژمارەیەك چەكداری داعش كوژران و 2 كێڵگەی نەوتیش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كۆنترۆڵكرانەوە.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، هێزە هاوبەشەكانی سوپاو پۆلیس بە پاڵپشتی هێزەكانی حەشدی شەعبی هەڵمەتێكی ئەمنییان لە ناوچەی كێڵگە نەوتییەكانی عەجیل و عەلاس ئەنجامداو "لە ئاكامدا 20 چەكداری داعش كوژران، لەگەڵ تێكشكاندنی 7 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و 3 ئۆتۆمبێلی دۆشكە هەڵگر".

هەروەها لەبەیاننامەكەدا هاتووە: "هێزە هاوبەشەكان 12 تەرمی چەكدارانی داعشیان لە بەرامبەر كێڵگەی نەوتی عەجیل دۆزیوەتەوە، سەرەڕای پوچەڵكردنەوەی 70 بۆمبی چێندراو".

هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە پاڵپشتی هێزەكانی حەشدی شەعبی شاری تكریتیان كۆنتتڕۆڵكردەوە كە لە مانگی حوزەیرانی رابردوو لەلایەن چەكدارانی داعش كۆنتڕۆڵكرابوو.









رووداو
Top