ئێران سوپای سعودیە بە بەكرێگیراو وەسفدەكات
عەمید رەزا بوردستان، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی نیسانی 2015، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سەروبەندی ئامادەکاری بۆ یادی سوپا کە دەکەوێتە 18ی نیسان، رایگەیاند:" ئێمە کاریگەری دۆڕاندنیان پێوە دەبینین، سەرەڕای ئەوەی مووشەکێکیشمان ئاراستە نەکردوون، ئەی ئەگەر بێت و چەند تەرەقەیەک لە ریاز بتەقێت، چی دەکەن".
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، عەمید بوردستان هۆشداری دایە سوپای سعودیە بەهۆی ئەو "دوژمنکارانەیە"ی لەسەر خاکی یەمەن ئەنجامیدەدات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە "ئەوانەی دەستدرێژی دەکەن و هێرشی دوژمنکارانە دەکەنە سەر یەمەن، بە دڵنیاییەوە دەدۆڕێن"، هاوکات بوردستان سوپای سعودیەی بە سوپایەکی "بەکرێگیراو" وەسفكرد.
فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران ئامۆژگاری سوپای سعودیەشی كرد بەوەی "واز لە دوژمانکارییەی خۆی بهێنێت، چونکە دووچاری دۆڕانێکی گەورە دەبێت".
