ئێران دەستێوەردانی زیاتری ناوچەکە دەکات
مستەفا هیجری وێرای ئاماژە کردن بە بابەتێکی پێشووی خۆی نووسیویەتی: کۆماری ئیسلامی هەستی بە مەترسی کردبوو و لە سەرووی هەموویانەوە عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم باش لە کاریگەریی گەمارۆکان تێگەیشتبوو و بۆ پێشگری لە داڕمانی یەكجاریی ئابووریی و بۆ ڕزگار كردنی ئێران لەژێر گەمارۆکان، سەرەنجام مل بۆ مەرجەكانی ڕۆژئاوا دەدات.
هیجری هاوکاتیش لەو باوەڕە دایە کۆماری ئیسلامی ئەگەر هەلێكی گونجاوی دیكەی دەست بکەوێ هەمیسان درێژە بەو بەرنامە بەرزەفڕانەیەی دەدات، هەرەها لەسەر ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە چەند خاڵێکی خستووەتە ڕوو.
سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات دەڵێ: كۆماری ئیسلامیی ئێران دوای نزیك بە دوازدە ساڵ پێداگری و لاساری كردن لەسەر داخوازیی خۆرئاوا سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە مەبەستی دروستكردنی چەكی ئەتۆم و بە فیڕۆدانی سەدان میلیار دۆلار و دابڕان لە كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، هەروەها برسێتی و بێكاریی خەڵكی ئێران مەجاڵی ئەو بەرزەفڕییەی بۆ نامێنێتەوە و دەگەڕێتەوە سەر خاڵی سفر.
مستەفا هیجری هاوکاتیش باس لە دەستكەوتی خەڵكی ئێران دەکات و ڕای وایە کە چاوەڕوان دەكرێ دوای ئەوەی کە ئابووریی خەڵك باشتر بێت، بە شێوەیەكی جیددیتر و بەربڵاوتر داخوازیی دیكەی خۆیان كە ئازادی و نەمانی ئەو فەزا ئەمنیەتییە توندوتیژەیە كە بە سەریاندا زاڵە بێننە گۆڕێ، داخوازییەك كە ویستی زۆربەی خەڵكی ئێرانە.
ئەو بەرپرسەی حیزبی دێموکرات ئاشکراشی دەکات لە ئەگەری رێككەوتنی كۆتاییدا، بەرەبەرە كە رێژیم گەمارۆكانی لەسەر لادەبرێ، ئەویش ئابوورییەكەی بەرەو باشتر بوون دەچێ و دەستی پڕتر دەبێ بۆ درێژەدانی سیاسەتی بەناو “هەناردە كردنی شۆڕش” واتە هەر ئەوەی كە تا ئێستا كردوویەتی و دەیكا لە دەستێوەردان لە ناوخۆی وڵاتانی ناوچەدا، یارمەتیدان بە دۆستان و هاوپەیمانانی خۆی لە ناوچەدا وەك ڕێژیمی سووریە، حیزبوڵڵای لوبنان، حووسییەكانی یەمەن و باقی گرووپە تیرۆریستییەكان لە زۆر شوێنی دنیادا.
هیجری پێی وایە کە گەشانەوەی ئابووریی ئیران زۆر بەردەوام نابێ و بەڵگەشی ئەوەیە کە نرخی نەوت هەر ئێستا زۆر شكاوە و بە هەناردەكردنی نەوتی ئێرانیش بۆ بازار لەوانەیە لەوەش زیاتریش بشكێ، هەروەها سیستمی بەڕێوەبردنی ئابووری لە ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیدا وەك هەموو بەشەكانی دیكە سیستمێكی دواكەوتوو و ناكارامەیە و ئەو سیستمە توانای گەشەپێدانی ئابووریی نیە.
مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە کۆتایی بابەتەکەیدا دەنووسێ: بەپێی ئەزموونێك كە تا ئێستە لەو رێژیمە لەبەردەست دایە، کەش و هەوای ئەمنیەتی هەروەك خۆی توندوتیژ دەمێنێتەوە و ئەگەری ئەوەش هەیە لە ئێستە خراپتریش ببێت.
