حەشدی شەعبی: 60 هەزار چەکدارمان ئامادەن بۆ شەڕی ئەنبار و نەینەوا
کەریم نوری، گوتەبێژی چەکدارانی حەشدی شەعبی راشیگەیاند:"بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی پێکهێنانی دەستەی حەشدی شەعبی و بەستنەوەی بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بڕیارێکی نوێ نییە، بگرە ئەوە جەخت کردنەوەیە لەسەر بڕیارێکی پێشوو، چونکە حەشدی شەعبی بووەتە هێزێکی کارا و کاریگەر لە بەرگریکردن لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بەرامبەر هەڕەشەی چەکدارانی داعش".
کەریم نووری دەشڵێ "بڕیاری ئەمدواییەی ئەنجوومەنی وەزیران شەرعییەتی تەواوی بە هێزەکانی حەشدی شەعبی بەو هێزانە بەخشی کە بوونە بەشێک لە سیستمی ئاسایشی نیشتمانی و کۆتایی بە هەموو ئەو تومەتانە دێنێت کە دراونەتە پاڵ حەشدی شەعبی".
کەریم نووری کە لەهەمان کاتدا سەرکردەیەکی رێکخراوی بەدری شیعەیە، زیاتر دەڵێ "هەر ناوچەیەک پێویست بکات رزگار بکرێت پێویستی بە هەماهەنگی و بەشداریکردنی حەشدی شەعبی دەبێت، بەڵام لەهەمان کاتدا حەشدی شەعبی چاوەڕوانی بڕیاری فەرماندەی هێزە چەکدارەکان دەبێت بۆ بەشداریکردن لەو شەڕەی لە ئەنبار بەرپایە و شەڕی چاوەڕوانکراوی موسڵ".
گوتەبێژەکەی حەشدی شەعبی ئاماژەش دەکات کە "ژووری کردەوەکان بڕیار لە بەشداریکردنی حەشدی شەعبی دەکات لەو شەڕانەی لە ناوچەکانی رۆژئاوای عێراق بەرپان، ژمارەی راستەقینەی چەکدارانی هێزی حەشدی شەعبی دەگاتە ١٢٠ هەزار خۆبەخش و ئەوانەی لە شەڕەکاندا بەشدارن ژمارەیان دەگاتە زۆرتر لە ٦٠ هەزار چەکداری مەشقپێکرا و ئامادە".
رووداو
