سەدر بۆ عەبادی: بە شوێن پێی مالیکیدا مەڕۆ

 سەدر بۆ عەبادی: بە شوێن پێی مالیکیدا مەڕۆ
موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدری شیعە لە عێراق هۆشداری دایە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و رایگەیاند بە شوێن پێی نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشوودا مەڕۆ و سەرۆکایەتی دەستە سەربەخۆکانی عێراق مەدەرە کەسانێک بە وەکالەت.

موقتەدا سەدر لە وەڵامی پرسیاری یەکێک لە شوێنکەوتووانی لە بارەی پێدانی سەرۆکایەتی دەستە سەربەخۆکانی عێراق لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بە کەسانێک بە وەکالەت، گوتی:
"داوام لە برام عەبادی ئەوەیە بە چاوی بەرژەوەندی گشتی بڕوانێ و لە بڕیاری کارکردن بە وەکالەت پەشیمان ببێتەوە، چونکە چاوەڕوانم ئەو بە شوێن پێی ئەوی پێشوودا نەڕوات".

ئەم لێدوانەی رابەری رەوتی سەدر لەکاتێکدایە سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشتر رایگەیاند، کە سەرۆکایەتی دەستەی حەج و عومرەی بە وەکالەت بە خالد عەتییە سەرکردەی دەوڵەتی یاسا سپاردوە و سەرۆکایەتی دەستەی دەستپاکی بە وەکالەت بە حەسەن نیعمە سپاردوە، ئەم هەنگاوەش کاردانەوەی زۆری لایەنە سیاسییەکانی عێراقی بە دوای خۆیداهێنا.

هاوکات سپاردنی پۆستی وەزیر و سەرۆکایەتی دەستە سەربەخۆکانی عێراق لە سەردەمی دەسەڵاتداری نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق یەکێک بوو لە ناکۆکییە هەرە زەقەکانی نێوان مالیکی و هاوبەشەکانی لە دەسەڵات.

هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وەڵامی ئەو رەخنانەی ئاڕاستەی بڕیارەکەی لە بارەی دەستە سەربەخۆکانەوە کران، رایگەیاند رێکنەکەوتنی فراکسیۆنە سیاسییەکان لەبارەی سەرۆکایەتی دەستە سەربەخۆکان بۆشاییەکی ترسناکی دروستکردووە و حکومەت ناتوانێ بەرژەوەندی وڵات رابگرێ لە چاوەڕوانی پێکهاتنی فراکسیۆنەکان.









رووداو
Top