دواین زانیاری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنبار

 دواین زانیاری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنبار
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند" لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سوپا و چەکدارانی داعش، هێزەکانی سوپا توانیویانە لە ناوچەی کەڕەمەی رۆژهەڵاتی فەللوجە و چەند ناوچەیەکی دیکە 38 چەکداری داعش بکوژن و 17 ئۆتۆمبێلی سەربازیش تێکبشکێنن".

قاسم محەممەدی، لیوای روکن و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ئەنبار، دوێنێ چوارشەممە، 8 ی نیسانی 2015، رایگەیاند" لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی سوپا و چەکدارانی داعش، لە ناوچەکانی سۆفییە، سەجارییە و تەوی، هەروەها لە ناوچەی کەرەمە لە رۆژهەڵاتی شارۆچکەی فەللوجە، 38 چەکداری داعش کوژران".

بە گوتەی محەممەدی: " یەکە زەمینییەکانی سوپا توانیویانە 17 ئۆتۆمبێلی چەکدارانی داعش تێکبشکێنن، سەرەڕای کوشتنی 4 خۆکوژ لە ناوچەی حەوز لە ناوەڕاستی روممادی، کە پشتێنەی بۆمبڕێژکراویان بە خۆیانەوە بەستبوو".

لەلایەکی دیکەوە عەزال فەهداوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، رایگەیاند: "چەکدارانی داعش دەستیان بە بۆردوومانکردنی ناوچەکانی عامرییەی فەللوجە وشارۆچکەی خالیدییە کردووە، ئەمەش لە ئەنجامی ترس و دڵەڕاوکێی زۆریان لە دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی گەورەی رزگارکردنی ئەنبار، لە لایەن هێزە عێراقییەکانەوە".

دوێنێ 8 ی نیسانی 2015، ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی پارێزگای ئەنبار لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی گەورەی رزگاركردنی ئەنبار" بەبەشداری سوپا و پۆلیسی لۆکاڵی و 10 هەزار لە چەکدارانی هۆزەکانی ناوچەکە بۆ سەر چەكدارانی داعش لە پارێزگاكە دەستیپێكرد".










رووداو
Top