داعش لە مووسڵ 56 كەسی لە دار دا.. 120 ئۆتۆمبێلیشیان دزی و بەرەو سووریا بردیانن
بەرپرسی لقی 14ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت ڕەجەب)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، تیرۆریستانی داعش ئەمڕۆ چوارشەممە لە شارۆچكەی گەیارەی باشووری مووسڵ 45 ئەفسەر و 11 فەرمانبەریان لە دار دا، بەمەش ناڕەزایێكی زۆر لەنێو ئەو شارۆچكەیەدا دژ بە تیرۆریستانی داعش دروست بووە.
ئەو بەرپرسەی لقی 14ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتیشی، سەربەیانیی ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش لە هۆتێلی خەزەر دوای ئەوەی شەوی ڕابرد تەقاندیانەوە، 120 ئۆتۆمبێلی تایبەتیان لە گەراجی ئەو هۆتێلە دزیوە و بەرەو سووریا بردوویانن، خاوەنەكانیشیان ئەو ئەفسەرانەن كە شارەكەیان جێ هێشتووە، هەروەها گشت كەلوپەلی نێو هوتێلەكەیشیان بردووە.
