لەمەودوا، لیژنەكانی مافی مرۆڤ بێ مۆڵەت دەچنە گرتووخانەكانی عێراق

 لەمەودوا، لیژنەكانی مافی مرۆڤ بێ مۆڵەت دەچنە گرتووخانەكانی عێراق
ئەندامێكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لەم خولەی ئێستای پەرلەمانی عێراقدا ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤ جیاواز لە خولی پێشوو، كە مۆڵەتی وەزارەتی دادیان وەردەگرت تا سەردانی گرتووخانەیەكیان بكردایە، بەڵام لەمەودوا بێ وەرگرتنی مۆڵەت دەتوانن سەردانی گرتووخانەكان بكەن.

ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا جیاواز لە خولی ڕابرد كە لە كاتی سەردانی هەر گرتووخانەیەك پێویست بوو مۆڵەتی وەزارەتی دادمان هەبووایە، كە پێشلێكاریی دەستوور بوو، چونكە كە مۆڵەت وەردەگری دەچیتە ئەو شوێنە چۆن دەزانین پێشێلكاری هەیە یاخود نییە، گرتووخانەكان لەوانەیە ئامادەكاریی خۆیان بكەن تا لیژنە دەگاتە لایان."

ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤ گوتیشی: "میوانداریی وەزیری دادمان كرد و لەسەر رێكارێك كارمان كرد كە لیستی تەواوی ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤ بدرێت بە هەموو ئەو گرتووخانانە و ئەو شوێنانەی پەیوەندییان بە ئیشوكاری لیژنەكەمانەوە هەیە، بۆ ئەوەی هەر كاتێك ئێمە سەردانیان دەكەین پێویستیمان بە مۆڵەتی وەزارەتی داد نەبێت، بەڵكە بە شێوەی كتوپڕ دەچین، تا ئێستایش سەردانی چەندین گرتووخانەمان كردووە و چەند پێشێلكاریەكمان بینیون وەكو جۆری خواردن و هەروەها سەردانیكردنی خزمەكانیشیان بۆ لای زیندانییەكان كەمە".

(د. ئەشواق) ئاماژەیشی دا: "لە هەندێك گرتووخانەدا ڕاگیراوەكان ماوەیەكی زۆر دەمێننەوە و ژمارەشیان زۆرە، بۆیە داوامان كردووە ئەنجوومەنی دادگای باڵا لیژنەیەك لەسەر ئەو بابەتە پێك بهێنن، ئەوانیش زۆر هاوكارمان بوون و بەڵێنی ئەوەیان دا بە زووترین كات ئەو لیژنەیە پێك بهێنن بۆ كۆتاییهێنان بە گرفتی ئەو ڕاگیراوانە و، ئەگەر تاوانبارن دادگایی بكرێن و ئەگەریش بێتاوانن پێویستە ئازاد بكرێن ."
Top