هۆشیار زێباری: بڕیارمان نەداوە داوای هاوكاری لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بكەین

 هۆشیار زێباری: بڕیارمان نەداوە داوای هاوكاری لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بكەین
بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "ڕۆیتەرز" كە لە زاری وەزیری دارایی عێراق (هۆشیار زێباری)ـەوە وەری گرتووە، عێراق گفتوگۆی كێشە داراییەكانی لەگەڵ سندووقی دراوی نێودەوڵەتیدا دەكات، بەڵام تاكو ئێستا بڕیاری نەداوە داوای هاوكاریی لەناكاویان لێ بكات.


"ڕۆیتەرز" لە (زێباری) دەپرسێت، ئێوە لەگەڵ سندووقی دراوی نێودەوڵەتیدا لەسەر هێڵن؟ لە وەڵامدا وەزیری دارایی عێراق دەڵێت: "ئێمە بەردەوام گفتۆمان لەگەڵ سندووقی دراوی نێودەوڵەتیدا هەیە و ئەوانیش هاوكاریی بەپەلەیان هەیە، بەڵام بڕیارمان نەداوە یارمەتییان لێ وەربگرین و لەم كاتەدا حاڵمان بەو شێوەیە خراپ نییە".

لە كاتێكدا دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی پارەوە باری دارایی عێراقی لار كرد، بەڵام حكوومەت بۆ ئەمساڵ لە پڕۆژەی بوودجەدا 21 ملیار دۆلاری بۆ دانەوەی قەرزی كۆمپانیاكان و بەرەوپێشچوونی كێڵگە نەوتییەكان تەرخان كرد.
(هۆشیار زێباری) باسی لەوەیش كرد كە ئەوان داوای ئەو هاوكارییە ناكەن كە لە لایەن سندووقی دراوی نێودەوڵەتییەوە پێشكەش دەكرێت. ئەمە لە كاتیكدا بوو كە پێشتر (زێباری) ئەوەی ڕاگەیاندبوو، عێراق پلانی هەیە لەمساڵدا بەپێی مافی تایبەتی راكێشانی پارە لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتیدا، 1.8 ملیار دۆلار وەربگرێت، كە ئەمەیش لە بەرنامەی قەرزی لەناكاو جیاوازە.
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا هاتووە: "عێراق ئیفلاسی نەكردووە و بڕێكی زۆر پارەی دەستكەوتی هەیە كە دەتوانێت بەكاری بهێنێت". بەڵام ئەوەیشی نەشاردەوە كە، "عێراق كۆمەڵە كێشەیەكی جیددیی هەن و ئەمەیش باری دارایی ئەو وڵاتەی لاواز كردووە".
Top