عەبادی سەردانی ئەمریكا دەكات

عەبادی سەردانی ئەمریكا دەكات
بە مەبەستی تاوتوێكردنی كۆمەڵێك دۆسیەی گرنگ، هەفتەی داهاتوو حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا سەردانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەكات.

رافد جبووری، گوتەبێژی نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی:" بە ئامانجی تاوتوێكردنی كۆمەڵێك دۆسیەی گرنگ و بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان بەغدا و واشنتن، بەتایبەتی هەوڵە هاوبەشەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هاوكاریی سەربازیی و ئەمنی و پڕچەككردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە شەڕی دژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، عەبادی دەچێتە ئەمریكا".

جبووری ئاماژەی بەوە كرد كە هەفتەی داهاتوو سەرۆكوەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای حكومی سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكات و لەگەڵ باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەو وڵاتەو گەورە بەرپرسانی ئیدارەی ئۆباما كۆدەبێتەوە.

عەبادی لەو سەردانەیدا باس لە سەركەوتنەكانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە پاڵپشتی هاووڵاتیان، چەكدارانی هۆزەكان، هێزەكانی حەشدی شەعبی و هەوڵەكانی حكومەتی عێراق لە بواری سیاسی و ئابووری ئەمنی و تاوتوێكردنی رەوشی ناوچەكە بەگشتی دەكات. كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵیش یەكێك لە تەوەرە گرنگەكانی سەردانەكەی عەبادی دەبێت.

دوێنێ‌ پێنجشەمە حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی هەولێری كردو لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی و ئەمنی پێشوازی لێكرا.







رووداو
Top