قاسم سلێمانی تكریت بەجێ دەهێڵێ
پەیجی (زمن أنتصارات الشیعە) لەتۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك، كە بایەخ بە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و وێنە و گرتە ڤیدیۆیییەكانی میلیشیا شیعەكان دەدات لەعێراق، لەپۆستێكدا كە پێش دوو كاتژمێر بڵاوی كردۆتەوە ئاماژە بەوە دەدات كە قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بەهێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، شارۆچكەی تكریتی ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدینی، بەرەو شوێنێكی نادیار بەجێهێشتوە.
لەدەستپێكی كۆنترۆڵ كردنەوەی شاری تكریتدا، چەندین وێنەی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی، لەگەڵ میلیشیا شیعەكان بڵاوبویەوە و ئەوەش نیگەرانیی ئەمریكای لێكەوتەوە و سوننەكانی عێراقیش پەرچەكرداریان بەرامبەر سلێمانی نیشاندا.
چەند رۆژ لەمەوبەر سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا، باسی لەوە كردبوو كە رۆڵی قاسم سلێمانی لە عێراق تێكدەرانەیە و ئارامی و ئاسایشی ناوچەكەی خستووەتە مەترسییەوە.
