فەلەكناسێك: نووری مالیكی لە سێدارە دەدرێت
“عومەر عەبدولڕەحمان”، ناوی ئەو فەلەكناسە عێراقییەیە كە میدیا عێراقییەكان دەڵێن، 70%ی پێشبینییەكانی ڕاست دەردەچێت. ئەو فەلەكناسە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: “لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا، ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڕیاری لەسێدارەدان بە سەر “نووری مالیكی”دا دەسەپێنێت، بە هۆی تۆمەتەكانی تایبەت بە گەندەڵی و ئەو پێشێلكارییە ئەمنییانەی لە ماوەی دەسەڵاتیدا كراون”.
هاوكات لەگەڵ ئەو لێدوانە، “سەلیم جبووری”، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، دوور نییە لە ئایندەدا، مالیكی كە سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق بووە، دادگاییی بكرێت. جەختیشی لەوە كردووەتەوە كە بەدواداچوونێكی بەردەوام بۆ هەر حاڵەتێكی گەندەڵی لە سەردەمی مالیكیدا هەیە و بە ملیارەها دۆلاریش لە بودجەی 10 ساڵی ڕابردوودا دیار نەماوە، ئەمەش ئەگەری تێوەگلانی مالیكی لێ دەكرێت.
لەلایەكی دیكەوە، “محەمەد كەربوولی”، ئەندامی لێژنەی ئەمن و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دووپاتی كردەوە، لێژنەكەیان لە هۆكارەكانی كەوتنی مووسڵ دەكۆڵێتەوە، كارەكانی خۆی بۆ ماوەی 2 هەفتەی دیكە درێژ دەكاتەوە، تا ئەو كاتەی نووری مالیكی، فەرماندەی پێشووی هێزە چەكدارەكانی عێراق بانگهێشت دەكەن. بە گوتەی كەربوولی، لەم دواییەدا لە كاتی بانگهێشت كردنی گەورە بەرپرسە ئەمنییەكانی پێشوودا، زانیاریی تازەیان دەست كەوتووە و هەندێك لەو زانیارییانەش تەمومژاوین، بۆیە پێویست دەكات لێكۆڵینەوە لەگەڵ مالیكیدا بكرێت
