پترایۆس: میلیشیا شیعه‌كان گه‌وره‌ترین مه‌ترسین له‌سه‌ر عێراق نه‌ك داعش
پێترایۆس كه سه‌ركردایه‌تیی سوپای ئه‌مریكای له عێراقدا ده‌كرد ، له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی”واشینگتۆن پۆست” گوتی: “سه‌رباری ئه‌و ڕۆڵه گرنگه‌ی كه حه‌شدی میللی ئه‌یبینێت له تێكشكاندن و ده‌ركردنی داعش له عێراقدا، به‌ڵام تۆمه‌تباره به‌وه‌ی تاوانی جه‌نگی ئه‌نجام داوه. هاووڵاتییانی سڤیلی سووننه‌ی كوشتووه، نه‌ك ته‌نها داعش”.
ئه‌و ژه‌نراڵه هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “تاڕاده‌یه‌ك ڕۆڵیان هه‌یه له‌وه‌ی عێراق ڕزگاربێت، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا بوونه‌ته هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ره گه‌وره له‌سه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه خراونه‌ته‌كار له پێناوی ئه‌وه‌ی سووننه‌كانیش ببینه به‌شێك له چاره‌سه‌ر له عێراقدا، نه‌ك ببنه هۆكاری شكست”.
پێترایۆس هۆشداری ئه‌دات له گه‌شه‌كردنی ده‌سته‌ڵات و توانای ئه‌و میلیشیایانه كه ئێران كۆمه‌كیان ده‌كات، به‌راده‌یه‌ك حكوومه‌تی عێراق له‌توانایدا نابێت كۆنترۆڵیان بكات، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: “له‌ئاستی دوورمه‌ودادا، ئه‌و میلیشیایانه كه ئێران كۆمه‌كیان ده‌كات، وه‌ك هێزێكی كاریگه‌ر له عێراقدا ده‌رده‌كه‌ون. حكوومه‌تی عێراق ناتوانێت كۆنترۆڵیان بكات و، ئه‌وانیش وه‌لائی خۆیان ده‌به‌ستنه‌وه به‌تارانه‌وه”.
ئه‌م لێدوانانه، دیدێكی فراوان ده‌به‌خشن سه‌باره‌ت به‌و ڕۆڵه فراوانه‌ی كه ڕه‌نگه ئه‌و ژه‌نراڵه زیره‌كه بیگێڕێت له گه‌ڵاڵه‌كردنی ستراتیژیه‌تی ئیداره‌ی ئۆبامادا له‌عێراق. ئه‌مه سه‌رباری ئه‌و سكانده‌ڵه ئه‌خلاقییه‌ی كه بوویه هۆی ئه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی وه‌ك به‌رپرسی ده‌زگای هه‌واڵگری “سی.ئای.ئه‌ی” له‌ده‌ست بدات.
لێدوانه‌كان له كاتێكدان، یاسادانه‌رانی ئه‌مریكا نیگه‌رانن له گه‌شه‌كردنی هه‌ژموونی ئێران له ناوچه‌كه‌دا و، كاریگه‌ری دوورمه‌ودای ئه‌و گه‌شه‌كردنه له‌سه‌ر دۆخی ئاسایش له‌ناوچه‌كه‌دا. هه‌ریه‌ك له”ئاشتۆن كارته‌ر” وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا و”مارتن دیمبسی” سه‌رۆكی ئه‌ركانی هاوبه‌شی سوپای ئه‌مریكا، به ترس و دڵه‌ڕاوكێی دروستی له‌قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن.
