حەشدی میللی و سوپای عێراق تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە

حەشدی میللی و سوپای عێراق تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە
بەپێی ڕاپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، میلیشیاكانی حەشدی میللی و هێزەكانی سوپای عێراق لە شەڕەكانی دژی چەكدارانی داعش، تاوانی جەنگییان ئەنجامداوە.

ڕاپۆرتەكە كە لە لایەن ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیۆیۆرك بڵاوكراوەتەوە تێدا هاتووە: “لێكۆڵەوەرانی ئەنجومەنەكە بەپێی ئەو لێكۆڵینەوانە كە لە عێراق ئەنجامیدانبوو، بۆیان دەركەوتووە، كە هێزەكانی عێراقی لە شەڕەكانی دژی چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی سوننە بەرمیلی تەقێنەریان بەكارهێناوە كە ئەو چەكەش بەپێی یاسایی نێودەوڵەتی بەكارهێنانی قەدەغەكراوە، بۆیە ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگەوە”.

لە بەشێكی ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە، كە میلیشیاكانی حەشدی میللی كە لە شەڕی دژی چەكدارانی داعش پشتیوانی هێزەكانی ئەمنی عێراقی دەكەن لە ناوچە سوننەكان، تاوانی كوشتن و ڕفاندن و بەتاڵان‌بردنی ماڵ و موڵكی خەڵكی و سوتاندنی مزگەوتەكانیان دژ بە عەرەبی سوننە ئەنجامداوه‌، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بە تاوانی جەنگ هەژمار دەكرێت.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەدا ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان داوای ئەوەی كردووە، ئەو تاوانە جەنگانە كە میلیشیاكانی حەشدی میللی و سوپای عێراق لە شەڕی دژی چەكدارانی داعش ئەنجامیانداون، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بۆ دادگایی تاوانی نێودەوڵەتی بەرز بكرێنەوە بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە دادگایی بكرێن.
Top